بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ئەیلول، ڕووسیا 18 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەبووە و ئەم ڕێژەیەش بەرزترین ڕێژەی داهاتە نەوتییەکانی ڕووسیا لە 14 مانگی ڕابردوو بووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە قۆناغێکی یەک مانگەدا هەناردەی نەوتی ڕووسیا یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە و زیاترین داهاتە نەوتییەکانی ئەم وڵاتەش پەیوەندی بە هەناردەی نەوتی خاوەوە هەبووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتە نەوتییەکانی ڕووسیا بە دوو هۆکاری زیاتربوونی ڕێژەی هەناردەی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوتەوە بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە مانگی ئەیلول بەراورد بە مانگی پێشووی، هەناردەی نەوتی ڕووسیا 460 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و ئەم وڵاتە ڕۆژانە 7 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.
بەراورد بە مانگی ئاب، نرخی نەوتی ڕووسیا 8 دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا زیادی کردووە. چین و هیندستان گەورەترین کڕیارانی نەوتی ڕووسیا بوون.
ڕووسیا لە مانگی ئادار و لە هەنگاوی یەکەمدا ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم دابەزینە تا کۆتایی ساڵی 2024 بەردەوام دەبێت. ئەم وڵاتە لە مانگی ئابیش 500 هەزار بەرمیل لە وەبەرهێنانی خۆیی دابەزاند./.