بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕۆژی شەممە 14 ی تشرینی یەکەمی 2023 لە چاوپێکەوتنی شێخ زەکزاکی و هاوسەرەکەی، وێڕای ستایشکردنی تێکۆشانی ئەو و بنەماڵەکەی، پەرەسەندنی هێزی ئیسلامیان لە جیهانی ئەمڕۆ سەرەڕای پیلانگێڕییەکانی دوژمنان، بە ئەنجامی تێکۆشانەکان ناو برد و بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی فەڵەستینی داگیرکراو و بە تایبەت غەززە وتیان: ئەمڕۆ یەکێک لە هێماکانی هێزی ئیسلام ئەم پرسانەیە کە لە فەڵەستین ڕوو دەدات.
بەڕێزیان وتیان: ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی فەڵەستین بە تایبەت بۆردومانەکان و شەهیدکردنی ژنان و منداڵان و پیاوان، دڵی هەر مرۆڤێک تازیەبار دەکات بەڵام بەشێکی دیکەی ئەم ڕووداوانە پیشاندەری هێزی کاریگەری ئیسلامە لە فەڵەستین و بە یارمەتی خودای گەورە ئەم هەنگاوەی کە لە فەڵەستین دەستیپێکردووە، بەرەوپێش دەڕوات و دەگاتە سەرکەوتنی کۆتایی فەڵەستینییەکان.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان کە هەمووان لە جیهانی ئیسلام پێویستە هاوکاری گەلی فەڵەستین بکەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی دامەزراندنی سیستەمی سیاسی لە ئێران و پێکهێنانی حکومەتێک لە سەر بنەمای ئیسلامی سیاسییان لە پاش چەندین سەدەی بەردەوام بە یەکێک لە هێماکانی هێزی ئیسلام ناو برد و جەختیان کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی دامەزراندنیەوە تا ئێستا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بووە و لە داهاتووشدا بەهێزتر دەبێت.
بەڕێزیان وتیان: ئەمڕۆ بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان وەک ئەفریقا، ئاسیا، ئەورووپا و باکوری ئەمریکا بەرەو پەرەسەندن دەڕۆن و بە یارمەتی خودای گەورە، سەرکەوتنەکانی ئەم بزوتنەوەیە بە هێزێکی زیاترەوە درێژەی دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەرامبەر بە شێخ زەکزاکی و هاوسەرەکەی وتیان: ئێوە نموونەی تێکۆشەرێکی ڕاستەقینەی ڕێگای خودان و هیوادارین بتوانن درێژە بەم تێکۆشانەی خۆتان بدەن./.