بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد سەلامی بە ئاماژە بە شەڕی زریانی ئەقسا وتی: زریانی ئەقسا گەورەترین شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 1948 تا ئێستا و گەورەترین دەسکەوت بۆ ڕاپەڕینی گەلی فەڵەستین بووە، ئەم شەڕەش ئەنجامی دەیان ساڵ داگیرکاری و زوڵم و ستەمی زایۆنیستەکان دژ بە گەلی فەڵەستین بووە.
ناوبراو وتی: ئەمریکا و بەریتانیان زیاتر لە 70 ساڵە خەنجەرێکی ژەهراوییان کردووەتە جەستەی جیهانی ئیسلام و فەڵەستینییەکانیان لە خاکی باب و باپیرانی خۆیان ئاوارە کردووە.
فەرماندەی سوپای پاسداران وتی: مێژوو پشتیوانییەکانی ئەمریکای بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و ڕۆڵی لە تاوانەکانی ئەم ڕژێمەی لەبیر نەکردووە، سەرەڕای ئەمەش فەڵەستینییەکان شووناس و هەستی خۆڕاگریی خۆیان پاراستووە و لە 7 ی تشرینی یەکەمدا گەورەترین شکستیان بە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و ئەوانەدا سەپاند کە پشتیوانیی لێدەکەن.
فەریق حوسێن سەلامی وتی: ئەم شکستە لەو ڕووەوە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی قورسە کە فەڵەستینییەکان بە بێ بەشداری هیچ هێزێک لەوەدا سەرکەوتوو بوون سوپا و دەزگای هەواڵگری ئەم ڕژێمە تووشی شکست بکەن، ئەویش لە کاتێکدا کە بانگەشەی زۆریان لە سەر سوپا و مۆساد کردووە. گرنگی ئەم شەڕەش لەوەدایە کە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ گەلی فەڵەستین و زایۆنیستەکانیش دانیان بە شکستەکەدا ناوە.
وتیشی کە شەڕی دژ بە فەڵەستین لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێت و وەک دۆسیەکانی ئەفغانستان، یەمەن، سوریا و عێراق کە ئەمریکا چارەسەری پێنەبوو، سەبارەت بە فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستیش شکست دێنێت.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکییەکان وتی: ئێوە لە عێراق بەدەر لە شکست و کوشتاری خەڵک هیچ دەسکەوتێکتان نەبووە، لە ئەفغانستان پاش 20 ساڵ داگیرکاری بە شکست و سەرشۆڕییەوە دەرکران. لە غەززە دەتانەوێت چی پیشان بدەن؟ موسڵمانان بە هۆی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززەوە نەفرەتیان لە ئێوە هەیە و چیدی ناتوانن لە جیهانی ئیسلامدا بمێننەوە. پرۆژەکەتان بۆ پشتیوانی و پاراستنی ڕژێمی زایۆنیستی سەرکەوتوو نابێت.
ناوبراو وتی: سەرکەوتنی کۆتایی بۆ خەڵکی فەڵەستینە و ئێمەش پشتیوانی لەوان دەکەین، ئەوان برایان و خوشکانی ئێمەن و بێگومان ئەم ڕووداوە ئەمریکا دەخاتە بیرە قووڵەکەوە و دەبێت تێچووی هەڵەکانی خۆی بدات.
سەلامی وتی: فەڵەستین دەزانێت چۆن شەڕ بکات و چۆن بگاتە سەرکەوتن، فەڵەستینییەکان سەرەڕای ئەم هەموو گەمارۆیە دەزانن چۆن چەک درووست دەکەن، سەرەڕای ئەم گەمارۆیەی ئێستاش دیسانەوە سەرکەوتن بە دەست دێنێت و سەرکەوتنی کۆتاییش بۆ موسڵمانانە./.