بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە و وتی کە ئەم سەردانە پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی فەڵەستین و پێویستی ڕاوێژ و وتووێژ هەیە و لە ئێستادا ڕوبەڕوی تاوانی دژە مرۆیی ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر بە گەلی بێ تاوانی فەڵەستین بە تایبەت لە غەززە بووینەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە هەموو شێوازێک گەمارۆی کەرتی غەززەی داوە و ئەمریکا و چەند وڵاتێک سەرقاڵی پڕچەککردنی زیاتری ئەم ڕژێمەن و زایۆنیستەکانیان بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر لە دژی فەڵەستینییەکانی غەززە دەستکراوە کردووە.
ناوبراو وتی: بەرپرسانی هەندێک وڵات لە پەیوەندییان لە گەڵ ئێمە سەبارەت بە ئەگەری کردنەوەی بەرەی نوێ لە ناوچەکە پرسیار دەکەن، بەوانمان ڕاگەیاندووە کە وەڵامی ئێمە ڕوونە و هەموو شتێک بەندە بە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەوەی کە لە لایەن حەماسەوە دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی بینراوە، هەنگاوێکی تەواو فەڵەستینی بووە و وڵاتانی ڕۆژئاواش دانیان بەوەدا ناوە کە سیاسەتەکانی نتانیاهۆ هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکانە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی کە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە و کەس لە ناوچەکە بۆ کردنەوەی بەرەی نوێ موڵەت لە ئێمە وەرناگرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وتی کە پرسی فەڵەستین سیاسی نییە و پەیوەندی بە بیر و بڕوای موسڵمانانەوە هەیە و پشتیوانی لە فەڵەستین پیشاندەری ویژدانی هەر موسڵمان و ئازادیخوازێکە لە سەرتاسەری جیهان.
محەممەد شیاع سودانی وتی کە ئۆپەراسیۆنەکەی زریانی ئەقسا ئێمەی تووشی سەرسوڕمان نەکردووە، لە بەر ئەوەی کە نابێت مافی گەلی فەڵەستین پێشێل بکرێت و هەڵەیە ئەگەر کەسێک وا بیر بکاتەوە کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، مافی فەڵەستینییەکان لە بیر دەکرێت./.