بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی چوارشەممە 4 ی تشرینی یەکەمی 2023 لە چاوپێکەوتنی ئارمن گریگوریان سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەرمینیا، ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بەپشت بەستن بە مێژوو و دراوسێبوون، بەهێزە و لە بوارە جیاجیاکاندا بەرەوپێشچوونی هەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە کردەوە و وتی کە هەر گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلیتی لە قەفقاز لە دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە و قبووڵکراو نییە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی هەروەها جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی ماف و ئاسایشی ئەرمەنەکانی ناوچەی قەرەباخ کردەوە و ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی بۆ هاوکاری لە پێناو جێگیرکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی قەفقاز دەربڕی./.