بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا چ کاریگەرییەکی لە سەر دۆخی عێراق دەبێت، وتی: ئێمە و ئێران هەزار و 400 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشمان هەیە و پەیوەندییەکانمان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر باشە و بۆ ئێمە گرنگە.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە ئەمریکاش پێویستە بڵێم کە لە زۆربەی بوارەکان بە تایبەت سیاسی و بازرگانی، هاوکاریمان هەیە. ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرین و سەربەخۆیی عێراق لە هەر ڕێکەوتنێک بۆ ئێمە گرنگە، بۆ هەمووانیش ڕوون بووەتەوە کە سەربەخۆیی عێراق لە هەموو ڕێکەوتنێک بۆ ئێمە گرنگترە و لە ئێستاشدا زیاتر لە هەر شتێکی دیکە گرنگی بە ئاسایش، سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق دەدەین.
سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها وتی کە سەبارەت بە بوونی گرووپە نەیارەکانی ئێرانیش، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی قبووڵکراوی هەر دوو لا و پاراستنی سنورەکان، دانوستانمان دەستپێکردووە./.