بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی پەیامەکەی ڕەزا ڕەحمەتیان بەم شێوازەیە:
بە ناوی خودای گەورە
شەش ساڵ بە سەر کۆچی دوایی سەرکردەیەکی مەزنی کورد و عێراقییەکاندا تێپەڕ بووە و هێشتا خەڵک لە خەمی لەدەستدانیدان کە مەرجەعی باڵای شێعەکان نازناوی سەمامی ئەمانی عێراقیان بەوان بەخشیبوو.
مام جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی پڕ لە تێکۆشانی خۆیان بە تایبەت لە سەردەمی زێڕینی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەیان سەلماند کە خەباتیان لە پێناو عێراقێکی خاوەن دیمۆکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانیدا بووە.
مام جەلال ڕۆڵی بەرچاویشیان لە پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و جیهان هەبووە و سەرکردە جیهانییەکان بە ڕێزێکی تایبەتەوە باسی بەڕێزیان و تێکۆشانەکەیان دەکرد.
کۆچی دوایی مام جەلال کەلێنێکی گەورەی درووستکردووە و هیوادارین یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هەمان سیاسەت و ڕێباز درێژەپێدەر بێت.
یادی خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی بۆ هەمیشە بەرز ڕادەگرین و لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دڵتەزێنی ئەو سەرکردە مەزنەدا سڵاو بۆ ڕۆحی پاکیان دەنێرین.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی