بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارە بڵاوکراوەکانی گومرکی چین پیشان دەدات کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە لە گەڵ ئێران لە 8 مانگی ساڵی 2023 لە سەدا 13 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2022 دابەزینی هەبووە و گەیشتووەتە 9 ملیار و 680 ملیۆن دۆلار.
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە مانگی کانوونی دووەم تا ئابی ساڵی 2022 زیاتر لە 11 ملیار و 150 ملیۆن دۆلار بووە.
هاوردەی فەرمی چین لە ئێران لە 8 مانگی ساڵی 2023 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 41 دابەزینی هەبووە و گەیشتووەتە 2 ملیار و 940 ملیۆن دۆلار. چین لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2022 زیاتر لە 4 ملیار و 950 ملیۆن دۆلار هاوردەی لە ئێران هەبووە.
بەڵام هەناردەی چین بۆ ئێران لە مانگی کانوونی دووەم تا ئابی ئەمساڵ لە سەدا 9 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 6 ملیار و 740 ملیۆن دۆلار. چین لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2022 بە ڕێژەی 6 ملیار و 196 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبوو.
بەم پێیەش هاوسەنگی بازرگانیی هەر دوو وڵات لە 8 مانگی سەرەتایی ساڵی 2023 بە ڕێژەی 3 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندی چیندا بووە.
بە بۆچوونی شارەزایان، ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینەی ئێران و چین زیاترە لەو ئامارەی کە بڵاو دەبێتەوە. ئاماری کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن پاڵاوگەکانی کەرتی تایبەتی چینەوە لە چوارچێوەی ئاماری فەرمی هاوردەی ئەو وڵاتەدا بڵاو نابێتەوە.
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی چین لە گەڵ وڵاتانی جیهان لە 8 مانگی سەرەتایی ئەمساڵ 3893 ملیار دۆلار بووە کە ئەمەش بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 8 دابەزینی هەبووە. هەناردەی چین لەم ماوەیەدا لە سەدا 9 و هاوردەی ئەو وڵاتەش لە سەدا 7 دابەزینی تۆمار کردووە./.