بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕۆژی دووشەممە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) و بە ئاماژە بەو ڕێوڕەسمە گەورەیە کە لە یەمەن بەڕێوەچوو، وتی کە یەمەنییەکان بە بۆنەی زیندوو هێشتنەوەی بۆنە ئیسلامییەکان دەبێت وەک نموونەیەکی خۆراگری لە جیهانی ئیسلام سەیر بکرێن، ئەوان لە هەلومەرجێکی دژواردان و بە ملیۆنی بەشدارییان لە ڕێوڕسمەکەدا کردووە.
ناوبراو وێڕای ئیدانەکردنی تاوانە تیرۆریستییەکەی پاکستان و کوژران و بریندرابوونی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی مەولودی پێغەمبەردا کردبوو، وتی: شەڕی نەرم مەترسیدارترە لە شەڕە سەربازییەکان، دوژمنان کەڵک لە شەڕی میدیایی لە دژی موسڵمانان وەردەگرن، ئەوەی کە بە شەڕی سەربازی بۆیان مسۆگەر نەکرا، دەیانەوێت لە ڕێگای شەڕی میدیاییەوە دووبەرەکی و ناکۆکی بخەنە نێو موسڵمانانەوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: یەکڕیزی ئیسلامی لە شەڕی تشرین بووە هۆی مسۆگەربوونی سەرکەوتنی چارەنووسساز لە دژی زایۆنیستەکان. ئەمڕۆ جیهانی ئیسلام بەرامبەر بە ئامانجەکانی فەڵەستین و ڕووداوەکانی مزگەوتی ئەقسا هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکات.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: لە لوبنان بۆچوونێک هەیە کە دەڵێن دۆسیەی ئاوارەکان هەڕەشەیەکی هەمە لایەنەیە. دەبێت ئامارێکی نیشتمانی سەبارەت بە هێزی کار و ئاوارەکان دابین بکرێت. ئێمە داوای پرۆژەیەکی نیشتمانی و گشتگیر بۆ گەیشتن بە ئەنجامی پێویست دەکەین کە لە سەر ئاستی لوبنان کۆدەنگی لە سەر بێت.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: بەرپرسی دۆسیەی ئاوارەکان لە لوبنان، حکومەتی ئەمریکایە کە پەرە بە ئاگری شەڕی سوریا دەدات. ئەمریکا سزاکانی بە سەر سوریادا سەپاندووە و بەرپرسی دۆخی نالەباری ئابورییە لەم وڵاتە، ئەگەر سزاکان هەڵبوەشێنەوە و کۆمپانیاکان بۆ سوریا بگەڕێنەوە سەدان هەزار پەنابەریش دەگەڕێنەوە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: هەر دوو گەلی سوریا و لوبنان پێکەوە دەژین و شیاو نییە لایەنێک سنورەکان و یاساکانی لایەنێکی دیکە پێشێل بکات. ئەوەی کە لە ئێستادا هەڕەشە لە کۆمەڵگای لوبنان دەکات، سوریا نییە، بەڵکوو سیاسەتی ناپاکی ئەمریکایە کە بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە./.