بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم لە پەراوێزی سی و حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەکڕیزی ئیسلامی لە تاران، وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە بەڵام ئەمەش ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدارانی چەند وڵاتێک لە گەڵ ئەو ڕژێمە بووە و کاریگەریی لە سەر خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی نابێت.
ناوبراو وتی: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی ئیسلامی و عەرەبی، کاریگەریی لە سەر ڕەوتی ئازادکردنی فەڵەستین و بەردەوامیدان بە خۆڕاگری نابێت، لە بەر ئەوەی کە خۆڕاگری هەمان گەلی فەڵەستینە و ئەوەی کە خۆراگری دەکات، تووشی گۆڕانکاری نابێت و ئەم خەبات و تێکۆشانە بەردەوام دەبێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەوانەی سازشت دەکەن هیچ پاڵپشتییەکیان بۆ فەڵەستین نەبووە و بەرگری لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن کە لە ناوخۆوە تووشی چەندین قەیرانی گەورە بووە. ڕژێمی زایۆنیستی بەدەر لە قەیرانە ناوخۆییەکان، لە دەرەوەش ڕوبەڕوی خۆڕاگری بووەتەوە و پێویستە ئەو وڵاتانە بزانن کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سوودی بۆ ئەوان نابێت.
شێخ نەعیم قاسم هەروەها سەبارەت بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، وتی: ئەم هەنگاوە پیشاندەری لاوازبوونی دوژمنانە، لە بەر ئەوەی کە دەبینن جیهانی ئیسلامی لە پێشکەوتندایە و هێزی زیاتری بە دەست هێناوە و موسڵمانان بەرگری لە ماف و پیرۆزییەکانی خۆیان دەکەن./.