بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو و سەرەڕای بانگەشەی هەندێک لایەن بۆ ناکۆکی و ئەگەری شکست هێنانی ئەم پرۆسەیە، یەکێتی سەرکەوتووانە پێش دوو هەڵبژاردنی گرنگی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، کۆنگرەی بەست و خۆیی نوێ کردەوە.
بەدەر لەو گۆڕانکارییانەی کە لەم کۆنگرەیەدا کراوە، خاڵێکی گرنگ، هەڵبژاردنەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە کە لە ئاستی ناوخۆیی، عێراقی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆری هەبووە.
بافڵ تاڵەبانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە سەر چەندین کێشە و گرفتی ناوخۆیی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا زاڵ بوو و ڕێگریی لە هەر لەتبوونێکی دیکەی ئەم حیزبە کردووە. زۆربەی شرۆڤەکارانی کاروباری هەرێمی کوردستان لە بڕوایەدان کە ناوبراو بە سەرکەوتوویی کۆنتڕۆڵی کێشە و قەیرانەکانی کردووە و یەکێتی لە پاش کۆنگرە باشتر و زیاتر بە سەر هەر کێشە و ئاڵنگارییەکدا زاڵ دەبێت.
ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی پاش نەخۆشی و مردنی مام جەلال بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە هەندێک لایەن و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان خەونیان بە لەتبوون و جیابوونەوە لە یەکێتیدا دەبینی، زۆربەی میدیاکان و نووسەرانی سەر بەوانیش هەمان بانگەشەیان دەکرد کە یەکێتی ئەستەمە وەک حیزبێکی یەکگرتوو بمێنێتەوە، نەک تەنیا ئەوە ڕووینەداوە، بەڵکوو یەکێتی بە هێز و کاریگەرییەکی زیاترەوە لە گۆڕەکانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادەیە و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش حسێبێکی زۆری لە سەر دەکرێت.
بافڵ تاڵەبانی گەورەترین هەنگاوی لە کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکانی تایبەت بە 8 ی تەمموزی 2021 ی یەکتی نیشتمانی کوردستان ناوە، ئەو کاتەی کە هەندێک لایەن و کەسایەتی لە دژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرەویان لە سەر لاهور شێخ جەنگی دەکرد و لەو ڕێگایەوە هەوڵی ئەوەیان دەدا یەکێتی بە کێشەی ناوخۆیی و ئەگەری لەتبوون و جیابوونەوە سەرقاڵ بکەن. بە سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی ئەمە ڕووینەدا و یەکێتی بۆ هەمیشە کۆتایی بە کێشەی لاهور شێخ جەنگی هێنا.
لە لایەکی دیکەوە، بافڵ تاڵەبانی ئەوەی سەلماندووە کە بە ئاسانی لە بەرامبەر پارتی دیمۆکراتی کوردستان خۆی و یەکێتی بە دەستەوە نادات. بە واتایەکی دیکە، یەکێتی لە سەردەمی سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانیدا خاوەن بریار و پێگە و هەڵوێستی خۆیە و وەک ماوەیەک نییە کە ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی نزیک لە پارتی وایان کردبوو یەکێتی شوێنکەوتووی بڕیاری ئەو حیزبە بێت. ئەوەی ئێستا دەبینرێت و بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، ئەوەیە کە یەکێتی جێبەجێکاری سیاسەت و ستراتیژی خۆیە و درێژە بە هەمان ڕێگاش دەدات.
بافڵ تاڵەبانی ئەوەی سەلماندووە کە کێشەکانی هەولێر و بەغدا تەنیا لە ڕێگای پەیوەندییەکی بەهێزەوە لە گەڵ حکومەتی ناوەندی چارەسەر دەبێت، پەیوەندییەک کە لە سەر بنەمای دەستوور و بە ئامانجی مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێت. بافڵ تاڵەبانی ئەم سیاسەتەی جێبەجێ کردووە و ئەوەش بینرا کە مافی خەڵک بە دوژمنایەتی و ململانێ لە گەڵ بەغدا بۆ ئامانجی حیزبی و کەسی، مسۆگەر ناکرێت و تەنیا بە ئاشتی و لە سەر مێزی دانوستان بەرگری لە مافەکانی خەڵک دەکرێت.
پەیوەندییەکانی بافڵ تاڵەبانی لە گەڵ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لەم ساڵانەدا خاڵی بەهێزی سەرکردایەتیی لە یەکێتی بووە. هەروەها ئەوەی سەلماندووە کە بۆ بەرگری لە مافەکانی خەڵک هیچ هێڵێکی سوور ناناسێت و هەردەم لە بەرەی پاڵپشتیکردنی خەڵکدایە. ئەوەی کە لە داخستنی یانە شەوانەکانی سلێمانی و پەیوەندی لە گەڵ مامۆستایانی ئائینی و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بینرا، هێمایەکی ڕوونی سیاسەت و سەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانییە.
ئەوانەش کە بافڵ تاڵەبانییان تا ئێستا نەناسیوە، بە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی و سەرکەوتنی، ئەوەیان بۆ ڕوون بووەتەوە کە یەکێتی لە پاش کۆنگرەی پێنجەم و نوێبوونەوە، بە سەرکردایەتی بافڵ تاڵەبانی بەرەو لوتکەی سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت، هەنگاوەکانیش بە ئاراستەی خزمەت گەیاندن بە خەڵک و بەرگری لە دابینکردنی مافە یاساییەکانی ئەوان دەبێت./.