بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر زەڕگەر شارەزا لە کاروباری ناوچەکە سەبارەت بە لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، وتی: پێش هەر شتێک دەبێت ئاماژە بدرێت کە ئاشتی چەندین پێناسەی هەیە کە لە نێوان دوو لایەن یان چەند وڵاتدا وەک ڕێکەوتن واژۆ دەکرێت بەڵام هەندێک ئاشتیش هەیە کە تاکلایانەیە. ئەم بابەتە لە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها ئەو نەخشەی بە خەیاڵی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویکردەوە، بە تەواوی بینرا. کاتێک کە ڕژێمی زایۆنیستی ناوچەی جۆلان لە ڕووی سەربازییەوە داگیر دەکات و سەرەڕای ئەوەی کە دەزانێت ئەمە خاکی سوریایە، بە پاڵپشتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بە مافی خۆیی دەزانێت، ئاساییە کە نەخشەی ناوچەکە بە شێوازی تاکلایانە و بە پێی سیاسەت و بیرکردنەوەی خۆی دابڕێژێت.
ناوبراو وتی: ئەم بابەتە پیشان دەدات کە لە بنەڕەتدا ئاشتی لە ڕوانگەی تەل ئەبیبەوە تاکلایانە و بە پێی ستراتیژی ئەو ڕژێمەوە دیاری دەکرێت. ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی ویستی ئاشتی هەبووایە و هەوڵی ئەوەی بدایە کە بارودۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە و نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان ببرێت، بێگومان دەبێت نەخشەیەکی درووست و پرۆژەیەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانەی ئاشتی بخاتەڕوو، نەک ئەوەی کە حاشا لە هەموو شتێک بکات. لێرەدا پێویستە پرسیار بکرێت کە ئامانج لە خستنەڕووی نەخشەی ئاشتی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و سەرۆک وەزیرانەکەی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چییە؟ بابەتەکە ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام لە دۆخی شەڕدایە و تاوانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین زیاتر کردووە و نتانیاهۆ و کابینە توندڕەوەکەی هەوڵ دەدەن پرسی فەڵەستین بە تەواوی لە ناو ببەن.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی:نتانیاهۆ دەیەوێت بە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بڵێت کە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ کێشەیەکی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین نییە و ئەمە لە بنەڕەتدا کێشەیەکی ناوخۆییە کە خۆمان چارەسەری دەکەین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەکەی بایدن و نتانیاهۆ لە پەراوێزی دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک کۆماری ئەمریکا دیسانەوە ئاماژەی بە دابینکردنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن واشنتنەوە دا و بە ئەرکێکی گەورەی خۆی ناوی برد. دەتوانین بڵێین کە لێدوانەکانی نتانیاهۆ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاستیدا ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی گشتی ئەو ڕێکخراوە بوو.
عەلی ئەسغەر زەڕگەر لە کۆتاییدا وتی: پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی ئەوەی کە جێبەجێ نەکراون، کاریگەرییان نەماوە و لە ئێستادا تەل ئەبیب بە شێوازێکی دیکە دەیەوێت کەشی سیاسی بەڕێ بخات. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە هۆی ئەوەی کە نتانیاهۆ هەوڵ بدات ئیسرائیل وەک حکومەتێکی پەسەندکراو لای وڵاتانی ناوچەکە بە جیهان بناسێنێت و پرسی فەڵەستین بۆ پرسێکی ناوخۆیی بچووک بکاتەوە. ئەمەش هەمان ناوەڕۆکی نەخشە بڵاوکراوەکەی نتانیاهۆ لە کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە./.