بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە یەمەن 21 ی ئەیلول بە ساڵیادی شۆڕشی گەل لە دژی حکومەتەکەی عەبد ڕەبە مەنسور هادی دەناسرێت. یەمەن ئەمساڵ لە ساڵیادی ئەم شۆڕشەدا مانۆڕێکی گەورەی سەربازیی ڕێکخست. لەو مانۆڕەدا سێ هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی و یەکەی تایبەتی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی یەمەن، پیشەسازی پێشکەوتوو و دەسکەوتەکانی خۆیان نمایش کرد. بەلەمە سەربازییەکانی عاسفی یەک و دوو و سێ و مووشەی زەوی بۆ دەریای سەیاد کە لە جۆری کرۆزە و خۆی لە ڕادارەکان دەدزێتەوە، مینە دەریاییەکانی ساقب، کەڕار و موجاهید، سێ جۆری ڕاداری بی 12 و شەفەق و ئۆفۆق کە دەتوانن ئامانجەکان لە 90 کیلۆمەتری و لە بەرزایی 35 هەزار پێی بناسن، هەروەها مووشەکەکانی زەوی بۆ ئاسمانی بەرقی یەک و 2 و فاتری یەک و وەعید و سەقەل کە دەتوانن فڕۆکە شەڕکەرەکان بکەنە ئامانج و هەروەها ڕوبەڕوی درۆنە سیخوڕییەکان لە مەودای 150 کیلۆمەتری و بە هێزی تەقاندنەوەی زۆر، ببەنەوە. لەم مانۆڕە گەورەیەدا درۆنەکانی خاتفی 2 و قاسفی 3 و مووشەکی حاتەم کە لێکچوونی لە گەڵ مووشەکی خەیبەرشکێنی ئێرانی هەیە، ڕوونوێنی کرا و لە هەمان کاتدا هێزی ئاسمانی یەمەن کە لە ساڵانی سەرەتایی شەڕ بە تەواوی لە ناوچووبوو، دیسانەوە بە نمایشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 5 و کۆپتەرەکانی MI17 هاتەوە گۆڕەپانەکە.
ئەم ئاستە لە پێشکەوتنی سەربازیی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ سعوودیە و هاوپەیمانەکانی و تەنانەت ئەمریکییەکان چاوەڕواننەکراو بوو. هەر بۆیە میدیاکانی ئەوان بە بێ سەلماندنی هیچ بەڵگەیەک ڕایانگەیاند کە مووشەکەکان ئێرانین و تەنیا ناوەکانیان گۆڕاوە. بەڵام کێ هەیە بڕوای بەوە هەبێت کە ئەم هەموو چەک و کەرەستە سەربازییە زەبەلەحە کە لە گۆڕەپانی سەبعین ی شاری سەنعا نمایش کران، لە ئێرانەوە بۆ وڵاتێک نێردراوە کە لە ڕووی وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەوە بە هەموو شێوازێک لە لایەن سعوودیە و هاوپەیمانەکانییەوە گەمارۆ دراوە.
بەڵام ئەگەر ئەمەش ڕاست بێت، دانپێدادانی لاوازبوونی هاوپەیمانی سعوودیەیە لە ڕووی هەواڵگری و سەربازی و تەکنۆلۆژیاییەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێران هاوکارییەکی سەربازی یەمەنی نەکردووە و ئەم پێشکەوتن و توانایە بەرهەمی تێکۆشانی گەلی زوڵملێکراوی یەمەنە.
یەمەنییەکان چەند ڕۆژ پێش مانۆڕە سەربازییەکە لە ڕیاز لە گەڵ بەرپرسانی سعوودیە لە دانوستاندا بوون کە لە وەڵامی سەردانی چەند مانگی ڕابردووی شاندەکەی سعوودیە بۆ سەنعا بووە. دانوستانەکان چەندین تەوەری سەرەکیی هەبووە کە تەنیا یەک تەوەری گەیشتووەتە ئەنجامێکی ڕوون. هەر بۆیە مانۆڕە بەهێزە سەربازییەکەی ئەنساروڵڵا و حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن هێمایەکی ئاشکرای ئیرادەی ئەم وڵاتەیە بۆ دابینکردنی داواکارییە مرۆییەکانی خۆی.
یەمەنییەکان چییان دەوێت؟ ڕاگرتنی شەڕ، کشانەوەی هێزی بێگانە لەم وڵاتە، پێدانی مووچە و مافی ئەوانەی کە لە ماوەی 8 ساڵی ڕابردوو بە هۆی داگیرکردنی نەوتی مەئرب و گازی شێوە و بەندەرەکانی دیکەی یەمەن دوا کەوتووە. پێدانی قەرەبوو و زیانەکانی شەڕ و ئازادبوونی تەواوی بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکانی یەمەن. ئەمەش داواکارییەکی مرۆییە کە سعوودیە ناتوانێت جێبەجێکردنی دوا بخات یان مەرجی وەرگرتنی ئیمتیازی بۆ دیاری بکات.
شەڕی یەمەن ئەوەی سەلماندووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناتوانن هاوکێشەکان دیاری بکەن، بە پێچەوانەوە ئەو گەلانەی زوڵمیان لێکراوە و مافەکانیان تاڵان کراوە، بە هێزی ناوخۆیی و یەکڕیزی دەتوانن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ڕوبەڕوی کێشە بکەنەوە./.