لە 31 ی خەرمانانی ساڵی 1359 ی کۆچی هەتاوی (22 ی ئەیلولی 1980) ، سەدام هێرشی کردە سەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران. تەنیا کەمتر لە یەک ساڵ و نیو بە سەر شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا تێپەڕ نەبوو و سەرکردایەتی و خەڵکی ئێران سەرقاڵی ڕێکخستنی دۆخی ناوخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان بوون کە بۆ ڕووخانی شۆڕش و بەلاڕێدابردنی لە ئامانجە ئیسلامییەکانی بە هەموو هێزێکەوە هاتبوونە گۆڕەپانەکەوە.
پێنج ڕۆژ پێش هێرشەکەی ڕژێمی سەدام بۆ خاکی ئێران، سەدام هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنی 1975 ی جەزایری ڕاگەیاند. پێشتریش سوپای عێراق بۆ درووستکردنی ڕێگاوبانی تایبەت لە سنورەکانی لە گەڵ ئێران هەوڵی دەدا. ئەمەش پیشانی دەدا کە سەدام ماوەیەکی زۆر بووە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی ئەمریکییەکان، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی پلانی هێرشی دژ بە ئێرانی هەبووە و دواتر خۆی دانی بەوەدا نا و وتی کە شەڕەکە پیلانێک بوو لە دژی عێراق و ئێران.
لە کۆتایی شەڕە هەشت ساڵەکە تا بە ئەمڕۆ، دەیان کتێب و سەدان توێژینەوەی بەناوبانگ بڵاو بوونەتەوە و هەروەها بەیاننامە و لێدوانی بەرپرسانی باڵای عێراق، بە سیاسی و سەربازییەوە هەموو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە شەڕ لە لایەن ئەمریکییەکەوە پلانەکەی داڕێژرا و بودجەکەی لە لایەن ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبییەوە دابین کرا و سەدام ئەوەی جێبەجێ کردووە. سەدام ئەو کەسە بووە کە بۆ گەیشتن بە هێزی زیاتر و بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی وەک شێت هەڵسووکەوتی دەکرد و خەونی بە سەرکردایەتی جیهانی عەرەبییەوە دەبینی.
شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە گۆڕانکاری لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بکات و ڕەوتی ستەمکاری جیهانیی تووشی کێشە کرد، هەر بۆیە وڵاتانی زلهێزی ئەو کاتە کە سەرکردایەتی ئەم ڕەوتە زاڵمانەیان دەکرد پیلانی هێرشی سەر ئێرانیان داڕشت. لە ڕاستیدا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکە ترسی ئەوەیان هەبوو کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران ببێتە نموونەیەک بۆ گەلانی ناوچەکە، هەر بۆیە بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی ئەوەیان دەدا ڕێگری لە هەناردەی ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بکەن. شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە پشت بەستن بە دەنگی خەڵک دژی سیستەمە زاڵبووەکانی ئەو سەردەمە بوو، جیهان نموونەی سیستەمێکی نوێی بە خۆوە دەبینی کە پێشتر نەبینرابوو. هەر بۆیە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆ یەکەم جار لە مێژوودا – ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت – دژی شۆڕشی ئیسلامی یەکیان گرتەوە و سەدامیان وەک ئامرازی دەستپێکردنی شەڕەکە بەکار هێنا.
ئەو شەڕەی کە بە سەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپێندرا، شەڕێکی تەواو جیهانی بوو، بەدەر لەوەی کە وڵاتانی عەرەبی خەزێنە داراییەکانیان بە ڕووی سەدامدا کردەوە و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش بە چەک و کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی پاڵپشتییان لە سەدام و سوپای بەعس کرد. ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ….. بە فڕۆکەی شەڕکەر و چەکی کیمیایی و هەموو شێوازێکی دیکە سەدامیان پڕچەک کرد. سەدام لە چەکە کیمیاییەکانی ئەڵمانیا تەنانەت لە دژی خەڵکی هەڵەبجەش کەڵکی وەرگرت و لە ئێران و هەڵەبجە بە هەزاران کەسی کردە قوربانی. شەڕەکە شەڕێکی نابەرامبەر بوو و لەو سەردەمەدا جیهان شەڕی وەهای نەبینیبوو.
ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گەڕاندنەوەی سیستەمی پاشایەتی و دووبارە زاڵبوونەوەی ئەمریکا بە سەر ئەم وڵاتەدا تەنیا یەکێک لە ئامانجەکانی شەڕەکە بوو بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە دەستپێکردنی شەڕی سەپێندراوی سەدام، دابەشکردنی ئێران بوو. سەدام لەو کاتەدا نامەیەکی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیمارات ناردبوو و تێیدا ڕایگەیاندبوو کە دابەشکردنی ئێران بە سەر چەند وڵاتێکی بچووکدا باشترین ڕێگای کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشی ئەم وڵاتەیە.
ئامانجی زۆر گرنگی دیکەش، دوژمنایەتی لە نێوان هەر دوو گەلی ئێران و عێراق بوو کە خاڵی هاوبەشی مێژوویی و ئائینی زۆریان هەیە. تێپەڕبوونی کات ئەوەی سەلماندووە کە ئەم پەیوەندییانە زۆر بەهێزترە لە سەرجەم پیلانەکانی ئەمریکا، زایۆنیستەکان، بەعسییەکان و نەیارانی دیکە. لە بەر ئەوەی کە لە پاش ڕووخانی سەدامی دیکتاتۆر، جیهان ئەوەی بینی کە پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا چەندە بەهێز بووە و گەلی عێراق چۆن بە ئامێزی کراوە پێشوازییان لە زیارەتکارانی ئێرانی کردووە، هەروەها ئێرانییەکانیش بە هەمان شێوە پێشوازییەکی گەرمیان لە میوانان و زیارەتکارانی عێراقی کردووە. خاڵی گرنگ ئەوەی کە ئێران لە شەڕی دژ بە داعش یەکەم لایەنی پاڵپشت و هاوکار بۆ عێراقییەکان بووە و باشترین ڕۆڵەکانی خۆی بە تایبەت حاجی قاسم سولەیمانیی بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و یەکڕیزی نیشتمانیی عێراق پێشکەش کردووە.
پاش تێپەڕبوونی چەندین دەیە لە کۆتایی شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵە، ئێران بووەتە هێزێکی گەورەی ناوچەکە و سەرجەم پیلانەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکانی بۆ دابەشکردنی وڵاتانی عەرەبی پووچەڵ کردووەتەوە و لە گەڵ خەڵک و سوپای ئەم وڵاتانەدا ڕاوەستا تا بەرگری لە یەکڕیزی و یەکپارچەیی خاکی ئەوان بکات و لەم ڕێگایەشدا شەهیدی زۆری پێشکەش کردووە./.