بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی، ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و جەمیل مەزهەر جێگری ئەمینداری گشتی بەرەی گەل بۆ ئازادی فەڵەستین لە شاری بەیروت بەڕێوەچوو.
ئامادەبووان لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئێستای فەڵەستین و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین بە تایبەت هەڕەشەکانی زایۆنیستەکان سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی تیرۆر، درێژەپێدانی سیاسەتی داگیرکردنی زیاتری خاکی فەلەستین و پەرەپێدانی سیاسەتی درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان و دەسدرێژییەکانی ئەوان لە دژی قودس بە ئامانجی گۆڕینی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی ئەم شارە، وتووێژ و بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
سەرکردەکانی گرووپەکانی خۆڕاگری لەو کۆبوونەوەدا هەروەها بە ئاماژە بە چالاکییەکانی خۆڕاگری لە دژی دوژمنی داگیرکاری زایۆنیستی، جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامی و زیاترکردنی چالاکییە بوێرانە و قارەمانانەکانی تێکۆشەرانی فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا دەبێتە هۆی ماندووکردنی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و شارۆچکە نشینەکانی زایۆنیست.
ئەوان هەروەها جەختیان لە سەر گرنگی خۆڕاگریی چەکدارانە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە هاوئاهەنگی لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت لە یەکگرتوویی بەرەکانی شەڕ بەهێزتر بکەن و لەم پێناوەدا پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی خۆڕاگریی فەڵەستینیان لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی تاوتوێ کرد.
ئەو سەرکردانە هەروەها ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ داگیرکارانی زایۆنیست و هەر هەوڵێک لەم پێناوەدا ئیدانە کرد و بە خیانەتێکی ئاشکرا بە خوێنی شەهیدانی فەڵەستینی و خیانەت بە پیرۆزییەکان و جیهانی ئیسلام ناو برد./.