بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر دانیشتوون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە بە ڕێژەی %٨ زیاترە لە چاو ئەوانەی کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ٩ کاتژمێر دانیشتوون، هەروەها ئەوانەی ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر دانیشتوون ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە بە ڕێژەی %٦٣ زیاترە.
ئەو زیانانەی کە زۆر دانیشتن بەسەرماندا دەهێنێت:
ئازاری پشت
ئازاری پشت دەبێتە هۆی لەدەستدانی 12 ملیۆن ڕۆژی کارکردن لە ساڵێکدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش دانیشتنی زۆرە. ئامۆژگاری دەکرێت تا دەتوانیت هەستن و بجوڵێیت بۆ ئەوەی لەشجوانی و تەندروستی خۆت بپارێزیت. زۆر دانیشتن دەبێتە هۆی ئەوەی باڵات لە بڕبڕەی پشتتدا دابەزێت تەنها بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆیەی کە شلە لە دیسکەکانت دەردەهێنێت.
کەمبوونەوەی میتابۆلیزمی جەستە
هەروەها وا بیردەکرێتەوە کە دانیشتنی درێژخایەن دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی میتابۆلیزم، ئەمەش کاریگەری لە سەر توانای جەستە هەیە بۆ ڕێکخستنی شەکر و پەستانی خوێن و تێکدانی چەوری. جەستەمان لە تەندروستترین ئاستیدایە کاتێک شلەی بەناو خوێنبەرەکان و سیستەمی لیمفاوی و جومگەکانی و ماسولکە و ئەندامەکانی و دیسکەکانی بڕبڕەی پشتیدا دەڕژێت. ئەم کارە بە گەیاندنی ماددە خۆراکییەکان و لابردنی پاشماوەکان تەندروستمان دەهێڵێتەوە. خوێن شلە و لە لایەن دڵەوە پەمپ دەکرێت، بەڵام شلەکانی تر لە لایەن ماسولکەکانەوە کاردەکەن. توێژینەوەیەک لە زانکۆی گلاسکۆ دەریخستووە کە ٣٠ خولەک وەرزشکردن لە ڕۆژێکدا بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکانی دانیشتن بۆ چەند کاتژمێرێک.
شێرپەنجە
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە سنووردارکردنی دانیشتنی درێژخایەن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە، لەوانە شێرپەنجەی سییەکان و منداڵدان و قۆڵۆن. ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە ئوسترالیا ئەنجامدراوە، کە تێیدا داتای ١٣٠ هەزار ژن پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمترە لەو کەسانەی وەرزش دەکەن.
تەندروستی دڵ
توێژینەوە جۆراوجۆرەکان دەریانخستووە کە دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر خراپە بۆ دڵ. توێژەرانی ئوسترالی بۆیان دەرکەوتووە کە هەر کاتژمێرێک کە لە سەیرکردنی تەلەفزیۆندا بەسەر دەبەن، ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی ١٨% زیاد دەکات. زانکۆی لێستەر لە بەریتانیا ئەنجامی ١٨ توێژینەوەی کۆکردۆتەوە و دەرکەوتووە کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ ٢.٥ هێندەی ئەو کەسانە زیاترە کە بۆ ماوەیەکی زۆر دانیشتوون بە بەراورد بەو کەسانەی کەمترین کات دانیشتوون. ئەنجامەکان تەنانەت دوای ئەوەی لە بەرچاو گیرا کە کەسێک وەرزش دەکات یان نا، ڕاست بوون.
شەکرە
هەمان پێداچوونەوەی ئەکادیمی دەریخستووە کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم لە کەسانی دانیشتوودا دوو ئەوەندەی کەسانی دیکەیە. توێژینەوەیەکی پێشووی هەمان تیم دەریخستووە کە ئەم پەیوەندییە لە ژناندا بەهێزترە. توێژەران تیۆریزەیان کردووە کە ڕەنگە ژنان لە کاتی دانیشتندا زیاتر خواردنی کەم بخۆن، لەکاتێکدا پیاوان لەوانەیە مەترسی کەمتریان لەسەر بێت، چونکە بە سادەیی مەیلیان هەیە زیاتر بجوڵێن لەکاتی وەستان و جووڵەکردندا.
تەندروستی دەروونی
نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و تەنیایی پەیوەندییان بە کەمی چالاکییەوە هەیە، کە لەوانەیە دانیشتن بە درێژایی ڕۆژ لەخۆ بگرێت. توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن بەدواداچوونیان بۆ چالاکیی هەرزەکاران کردووە. بۆیان دەرکەوتووە کە بڕی ئەو کاتەی کە بە ناچالاکی بەسەر دەبەن لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات، هەروەها لە تێکڕای ٧ کاتژمێر و ١٠ خولەک بۆ منداڵانی ١٢ ساڵ بۆ ٨ کاتژمێر و ٤٣ خولەک بۆ منداڵانی تەمەن ١٦ ساڵ. ئەو کەسانەی کە بەردەوام لە نێوان تەمەنی ١٢ بۆ ١٦ ساڵیدا دانیشتوون، نمرەی خەمۆکییان بە ڕێژەی ٢٨.٢% بەرزتر بووە تا تەمەنی ١٨ ساڵی.
مردنی لە ناکاو
بە لە بەرچاوگرتنی هەموو شتەکان، ئایا شتێکی سەیرە کە دانیشتنی زۆر و درێژخایەن پەیوەندی بە مردنی لە ناکاوەوە هەیە؟ بۆ نموونە توێژینەوەیەک لە ئوسترالیا کە سەیری کەسانی سەروو ٤٥ ساڵانی کردووە دەریخستووە کە لە سێ ساڵی داهاتوودا ئەگەری مردنیان زیاترە ./.