بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە حەفتا و هەشتەمین کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، لە چاوپێکەوتنی فەرید زەکریا پێشکەشکاری ناسراوی کەناڵی سی ئێن ئێن، وتی: ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە گەڵ ئەمریکا بە ئامانجی مرۆڤدۆستانە بووە تا ئەو ئێرانییانەی بە شێوازی نادادپەروەرانە لە ئەمریکا گیرابوون، بۆ ئامێزی بنەماڵەکەیان بگەڕێنەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە ئێران بەم بڕیارە ئەوەی سەلماند کە گرنگی بە بابەتە مرۆڤدۆستانەکان دەدات.
ناوبراو وتی: گیراوانی ئەمریکی لە ئێران تاوانیان کردبوو و لە دادگا و سیستەمی دادوەریدا سزایان بە سەردا سەپابوو بەڵام بە ئامانجی مرۆڤدۆستانە ئازاد کران.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پارە ئازادکراوەکانی ئەم وڵاتە لە کۆریای باشور، وتی: پارە ئازادکراوەکان مافی گەلی ئێرانە کە تا ئێستا بە زاڵمانە و نادادپەروەرانە دەستی بە سەردا گیرابوو و لە ئێستادا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەلی ئێران بەکار دێت./.