بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هودا ڕەزەق شارەزای کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی کە ئەمریکا هەوڵی زاڵبوونی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات و باشوری سوریا و بە دیاریکراوی لە ناوچەی سوەیدا دەدات.
ناوبراو بە کەناڵی العالم ی ڕاگەیاند کە نابێت لە بیر بکرێت جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا داڕێژەری پلانی دابەشکردنی عێراق و سوریایە لە ژێر ناوی سیستەمی فیدراڵیزم و پێداگریی لەوە دەکرد کە ئەم دوو وڵاتە دەبێت بە سیستەمێکی فیدراڵی بەڕێوە ببرێن نەک دەسەڵاتی ناوەندی، هەر ئێستاش بە بڕیاری بایدنە کە هێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات جێگیر ببنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش دوناڵد ترەمپ بە بیانووی بێ بنەمای وەک پاڵپشتی لە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات و هۆزەکان و کەمینەکانی دیکە، هێزەکانی ئەمریکای لەم ناوچەیە جێگیر کردبوو.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە وتی کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو ناوچەی سوەیدا بە هۆی پێگەی لە پلان و نەخشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و پرۆژەی کردنەوەی بنکەی سەربازی نوێ بۆ هێزەکانی ئەو وڵاتە، کەوتووەتەوە بەرچاو.
وتیشی کە بوونی هێزەکانی خۆڕاگری لەم ناوچەیە، جێبەجێکردنی پلانەکەی تووشی کێشە کردووە.
هودا ڕەزەق وتی: ئامانجی ئەمریکا لە جموجوڵی نوێ لەم ناوچەیە، هۆشدارییە بە ئێران، ڕووسیا و تەنانەت سعوودیە و ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە بۆ سوریا گەڕاونەتەوە و دەستیان بە ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە کردووە. ئەمریکا دەیەوێت بڵێت هێشتا لە ناوچەکەدایە و لە بواری سیاسی، ئابوری و سەربازی بڕیار بە دەستە.
هەروەها مەهەند زاهیر توێژەری سیاسی ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 1980 پلانی دابەشکردنی سوریا بۆ سەر چوار وڵاتی بچووک بە پێی شووناسی نەتەوەیی و مەزهەبی بوونی هەبووە.
ناوبراو وتی کە حکومەتی سوریا تا ئێستا سەرکەوتووانە شکستی بەم پیلانگێڕییە هێناوە.
مەهەند زاهیر وتی: پرۆکەی دابەشکردنی سوریا لە ڕووی مەزهەبییەوە لە هەمان سەرەتای ئاڵۆزییەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی شکستی هێنا. بە تایبەت بە ئازادکردنەوەی شاری حۆمس، پیلانی دابەشکردنی سوریا بە تەواوی شکستی هێنا بەڵام ئەمریکا پیلانێکی دیکەی هەیە و دەیەوێت حکومەت و سوپای سوریا بەمەوە سەرقاڵ بکات و هەر ئێستا پیلانەکەی زیندوو کردووەتەوە.
وتیشی کە ئەمریکا ئەمجارە ڕۆژهەڵاتی فۆراتی هەڵبژاردووە و دەیەوێت بە بیانووی پاڵپشتی لە کەمینەی کوردی و ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور و هۆزەکان لەم ناوچەیە بمێنێتەوە و پیلانەکەی جێبەجێ بکات.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا لە سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرایناوە لە پێناو جێبەجێکردنی پیلانەکەی لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات لە سوریا کەڵک وەردەگرێت./.