بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەکرێت ئەم پەرتووکە وەک یەکەم کتێبی گشتگیر لەسەر زانستی ناسینی بە زمانی کوردی ئەژمار بکەین. بابەتی سەرەکیی زانستی ناسینی شیکردنەوەی زەینە. هەوڵی نێوان-لقی لە زانستدا تا دێت ڕوو لە پەرەسەندنە و ڕەنگە هەڵە نەبێت زانستی ناسینی بە لوتکەی ئەو پێکگەیشتنەی زانستەکان ناو ببەین کە زانستی کۆمپیوتەر، زانستی دەماری، دەروونناسی، مرۆڤناسی، زمانناسی و فەلسەفەی زەین و هەندێک جار تەنانەت ئابووریناسی و کۆمەڵناسیش ئاوێتە دەبن تاکوو لێکدانەوەیەکی زانستیی یەکانگیر بۆ زەینی مرۆڤ بکەن.
پۆل تاگارد نووسەری ئەم کتێبە لە کەسانی پێشەنگی بواری زانستی ناسینییە. هەوڵەکانی ئەو لە ئاراستەی یەکخستن و یەکپارچەکردنی بوارە پێکهێنەرەکانی زانستی ناسینین و لەم کتێبەشدا هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی یەکخراوی چەندئاستی بۆ شرۆڤەی زەینی مرۆڤ پێشکەش بکات.
لەم کتێبەدا ڕووبەڕووی چەندین پرسی زۆر سەرنجڕاکێش دەبینەوە، وەک ئەوەی کە چۆناوچۆن زەین لە دەرەوە زانیاری وەردەگرێت و وێنا یان خەیاڵ لە زەینی مرۆڤدا چۆن دروست دەبێت؟ چۆن چەمکەکان بە تایبەت چەمکە دەرهەستەکان لە زەینی مرۆڤدا دروست دەبن؟ ئایا هەست و سۆزەکانی ئێمە لە بەشی مەنتقیی زەینی ئێمە جودان؟ چۆن هەست و سۆزەکان لە مێشکدا پێکدێن؟ مێشکی مرۆڤ چۆن توانایی بەرهەمهێنانی زمان پەیدا دەکات؟ ئیرادەی ئازاد چییە؟ پێواژۆکانی نیاز، بڕیاردان و ئیرادەی ئازاد چۆن لە زەینی مرۆڤدا جێبەجێ دەبن؟ ئایا داهێنەری پێکهاتەیەکی هەیە و مێشک چۆن کردار و ڕەوتی داهێنەرانە ساز دەکات؟ خود چییە و بەشە پێکهێنەرەکانی لەناو زەیندا چین؟
وەرگێڕ سەبارەت بەم بەرهەمە دەڵێت: «من وەک پسپۆڕێکی ژیریی دەستکرد دێمەوە بەرەو زانستی ناسینی و لەوانەیە زۆر کەس لە ڕوانگەی ترەوە حەز بەم بابەتە بکەن. بۆیە ئەم کتێبە لەوانەیە بۆ خوێنەرانی گشتی و بۆ پسپۆڕان و خوێنەرانی بوارەکانی زمانناسی، کۆمەڵناسی، لۆجیک، فەلسەفەی زەین، ئابووریناسی، دەروونناسی، زانستی دەماری، ژیریی دەستکرد، ڕەخنەی ئەدەبی و هتد گرینگ بێت. هیوادارم ئەم پەرتووکە بۆشاییەک لە پەرتووکخانەی کوردی پڕ بکاتەوە و یارمەتییەکی هەرچەند بچووکی خوێنەر بدات کە بە زمانی شیرینی کوردی ئاشنای نوێترین بابەتەکانی زانستی سەردەم بێت و ببێتە پاڵنەرێک بۆ گەنجان و زانایانی کورد کە زۆر لە ئەم دەقەی من باشتر بخوڵقێنن و خزمەت بە زمانی کوردی لە ئاقارە جیاجیاکانی زانستدا بکەن.»