بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی سێ شەممە 5 ی ئەیلولی 2023 لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سوپاسی گەل و حکومەتی ئەو وڵاتەی کرد بە بۆنەی پێشوازی کەم وێنە لە زیارەتکاران و بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع).
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا بە ئاماژە بە گرنگی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) لای دۆستان و شوێنکەوتووانی ڕێبازی ئەو ئیمامە گەورەیە و ئازادیخوازانی جیهان، پێشوازی برادەرانە و کەم وێنەی گەل و حکومەتی عێراقی لە چەندین ملیۆن زیارەتکار لە وڵاتانی جیاجیا بە پیشاندەری هێز و سەقامگیری ئەو وڵاتە ناو برد.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق هەروەها لە وتووێژی تەلەفوونیی نێوانیان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە سەر بەردەوامی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە./.