بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی العربی الجدید لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی هێڵی ئاسنی شەلەمچە – بەسرە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق ڕایگەیاندووە کە تاران لەم پرۆژەیە وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژی دەڕوانێت کە خاکی ئێران لە ڕێگای عێراق و سوریاوە بە دەریای مەدیتەرانە دەبەستێتەوە.
العربی الجدید ئاماژەی بە ڕاگەێندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوە کە ڕایگەیاندووە ئەم هێڵی ئاسنە بە بۆنەی گواستنەوەی زیارەتکاران و گەشتیارانەوە دەکرێتەوە و بڕیارە ئێران بە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلای عێراق ببەستێتەوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە عێراق جەختی لە سەر گرنگیی ئەم پرۆژە لە گواستنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی لە پتەوکردنی ژێرخانە ئابورییەکان و گەشەی ئابوری کردووەتەوە، پرۆژەیەک کە ساڵانێک قسەی لە سەر کراوە و لە ئاکامدا ساڵی 2021 ڕێکەوتنی لە سەر واژۆ کرا.
العربی الجدید هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئێران گرنگییەکی زیاتر بەم پرۆژەیە دەدات لە بەر ئەوەی کە ئەم وڵاتە بە عێراق و سوریا و دەریای مەدیتەرانە دەبەستێتەوە و یارمەتیدەری گۆڕانکارییەکی گەورەش لە ناوچەکە دەبێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئێران بۆ بێ کاریگەرکردنی سزا و گەمارۆ قورسەکانی ئەمریکا کەڵک لە دەرفەتی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ وەردەگرێت./.