بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ئەمڕۆ پێنج شەممە 31 ی ئابی 2023 لە کۆنگرەی سەرتاسەری زانایانی ئائینی سوننەی ئێران، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی سوننە، شێعە، بەرگریکارانی شوێنە پیرۆزەکان و هەروەها شەهیدانی ڕێگەی خزمەت بە خەڵک، وتی: خاڵی هاوبەشی زانایانی سوننە لە سیستان و بەلوچستان، کوردستان و تورکمان سەحرا، بیرکردنەوەیە لە بەرژەوەندییەکان و سەروەری نیشتمانی و هەمووان پێویستە هەوڵی مسۆگەربوونی بدەن، چالاکییەکانی ئێمەش هەر لەم پێناوەدایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە ئۆممەی ئیسلامی و کۆمەڵگەی یەکگرتوو بە گەورەترین بەربەستی بەردەم ڕەوتی ستەمکاری جیهانی دادەنرێت و وتی: پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت، تەنیا بەربەستی بەردەم ڕەوتی ستەمکاری جیهانی، بوونی موسڵمانانی یەکگرتوو بووە و دوژمنان بۆ شکست هێنان بەمەش هەوڵی دەیان پیلانگێڕی و ناکۆکی خستنە نێو موسڵمانانیان داوە، وەک ئەو هەموو گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییە کە بە ناوی ئیسلام و بۆ زیان گەیاندن بەم ئائینە پیرۆزە و یەکڕییەی موسڵمانان لە لایەن دوژمنانەوە پێکهێنراون.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: سووکایەتی و بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان بە تایبەت قورئانی پیرۆز، پیلانێکی دیکەی دوژمنانە. سووکایەتیکردن بەم کتێبە ئاسمانییە، سووکایەتییە بە مرۆڤ، ئازادی و سەرجەم ئائینە ئاسمانییەکان و هەموو ئەمانەش ئەڵقەی یەک زنجیرن بۆ لاوازکردنی ئۆممەی ئیسلامی.
ناوبراو یەکڕیزی موسڵمانانی بە ستراتیژێکی سەرەکی ناو برد و وتی: موسڵمانان لە هەر شوێنێکی جیهان دەبێت بزانن کە پێشکەوتنی ئیسلام بەندە بە یەکگرتوویی نێوان ئەوانەوە و ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەهێزبوون و یەکڕیزی و یەکگرتوویی موسڵمانان و شکستی پیلانی دوژمنانە بۆ ناکۆکی خستنە نێو ئەوان./.