بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دادگای باڵای پاکستان سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی عمرانخان سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئەو وڵاتەی لە دۆسیەی فرۆشتنی خەڵات و دیارە حکومییەکان هەڵپەسارد و فەرمانی ئازادکردنی ناوبراوی دەرکرد.
لقی دووی دادگای باڵای پاکستان فەرمانی ئازادکردنی عمرانخانی دەرکردووە. بە هۆی حوکمی پێشووی دادگاوە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستان قەدەغەی بەشداری عمرانخانی بۆ ماوەی 5 ساڵ لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دەرکردووە.
ڕۆژی دووشەممەش دادگایەکی پاکستان تۆمەتبارکردنی عمرانخانی بە کوشتن ڕەتکردەوە. ناوبراو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەو تۆمەتەی ئاراستە کرا و لە ئێستادا لە شاری ئەتوک زیندانی کراوە.
هێشتا دیار نییە کە ئایا عمرانخان دەستبەجێ پاش فەرمانەکەی دادگای باڵای پاکستان ئازاد دەکرێت یان نە و ئەوەش ڕوون نەبووەتەوە کە دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەشداری بکات یان نە؟/.