بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود ئەسەدوڵڵاهی شرۆڤەکاری باڵای کاروباری ناوچەکە لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ ماڵپەڕی دیپلۆماسی ئێرانی تیشکی خستووەتە سەر جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و ڕایگەیاندووە کە واشنتن دەیەوێت پێگەی هێزەکانی خۆڕاگری لاواز بکات و هێڵی پێکەوەبەستنی وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری نەهێڵێت.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
لە ماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوو، ناوەندە میدیاییەکان، شارەزایان و هەروەها گۆڕانکارییەکان و جموجوڵەکانی ناوچەکە گوزارشت لەوە دەکەن کە ئەگەری گەڕانەوە و زیندووکردنەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ئارادایە. ئایا بڕواتان بە وەها خوێندنەوەیەک هەیە؟
داعش بە مانای وشە، واتە حکومەتی ئیسلامی لە عێراق و شام یان سوریا کە ئەم حکومەتە لە ئێستادا بوونی نییە و هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر هیچ بەشێکی خاکی ئەم دوو وڵاتەدا نییە. بە واتایەکی دیکە، حکومەتەکەی داعش کە چەندین بەشی بەربڵاوی هەر دوو وڵاتی عێراق و سوریا و هەروەها دوو ڕووباری دیجلە و فۆراتی لە ژێر دەستدا بووە، ئێستا بوونی نەماوە، هەر بۆیە ئەگەر باس لە داعش و جموجوڵەکانی دەکرێت پەیوەندی بە پاشماوەکان و شانە بڵاوەپێکراوەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییەوە هەیە کە لە چەند ناوچەیەکی عێراق و سوریا هەندێک کات دەست بە چالاکی تیرۆریستی دەدەن.
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە و زیندووکردنەوەی داعش، ئێمە دوو بابەت دەبێت باس بکەین، سەرەتا ئەگەری زیندووکردنەوەی حکومەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا و دووەم زیاتربوونی چالاکی تیرۆریستی لە لایەن شانە تیرۆریستییەکانی داعشەوە لە ناوچەکە. داعش لە ساڵانی ڕابردوو دەسەڵاتی ناوچەیی هەبووە کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی عێراق و سوریای لە خۆ دەگرت و سەرچاوەی سرووشتی و کشتووکاڵیی لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بووە و ئەمەش بە تێکۆشانی بەرەی خۆڕاگری ڕووخا و خەلافەتەکەی داعش لەناوچووە. بەڵام لەناوچوونی حکومەتەکەی داعش بە واتای تەواوبوونی چالاکییە تیرۆریستییەکان نییە. ئەگەر ئەمڕۆ شارەزایان باس لە ئەگەری زیندووبوونەوەی داعش دەکەن مەبەست هەمان چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعشە نەک گەڕانەوەی خەلافەت و حکومەتەکەی لە عێراق و سوریا.
ئەگەر پلانی زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی داعش نییە، چ پلان و پرۆژەیەکە؟ ئایا هەوڵ دەدەن سەر لە نوێ عێراق و سوریا و تەواوی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی ببەنەوە؟
پاشماوەی تیرۆریستانی داعش ڕەنگە هەوڵ بدەن بە بێ ئاگاداری و تەنانەت هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان پەنا بۆ کردەوەی تیرۆریستی و ئاڵۆزی ببەن کە ئەڵبەت ڕێژە و کاریگەرییەکەی وەک ساڵانی ڕابردوو نییە. پاساوی تیرۆریستانی داعش بۆ هاوکاریکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانیش ئەوەیە کە ئەو گرووپە تیرۆریستییە هیوای بە زیندووکردنەوەی حکومەتەکەی هەیە و بۆ مسۆگەربوونیشی هەوڵ دەدات و بە ڕێگاپێدراوی دەزانێت دەست لە دەستی دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و جیهان تێکەڵ بکات. ئەڵبەت تیرۆریستانی داعش لەو بڕوایەدان کە ئەوان دەزگا هەواڵگرییەکان لە پێناو ئامانجەکانی خۆیان بەکار دێنن نەک ئەوەی کە وڵاتان و دەزگا هەواڵگرییەکانیان داعش وەک کارتێکی گوشار بەکار بێنن. بە هەوڵ و تێکۆشانی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی و سوپای پاسداران و گرووپەکانی خۆڕاگری، خەلافەتەکەی داعش ڕووخاوە و ئەگەر جموجوڵێک دەبینرێت لە پاشماوەی تیرۆریستان، هیچ کاریگەرییەکی وەهای نییە کە بتوانن ناوچەیەک لە عێراق و سوریا داگیر بکەن.
ئایا پرۆژەکە تەنیا چالاککردنی شانە تیرۆریستییەکانی داعشە یان وڵاتانی وەک ئەمریکا هەوڵی دابینکردنی ناوچەی تایبەت بە دەسەڵاتی داعش دەدەن؟
ئەوەی کە زانیاریی لە سەر هەیە، پاش لەناوچوونی داعش و هەڵهاتنی پاشماوەی تیرۆریستان، ئەمریکییەکان لە هەوڵی ئەودا بوون کە ئەوان لە سوریا، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ببەنە ئەفغانستان تا بتوانن ناوچەیەکی تایبەت بە دەسەڵاتی داعش دابین بکەن و لە داهاتوودا کێشەیەکی ئەمنی گەورە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بخوڵقێنن. بەم پێیەش لە ئێستادا لە دوو ناوچەدا چالاکی تیرۆریستانی داعش دەبینین، یەکەم ئەفغانستان کە بووەتە شوێنی شەڕ و پێکدادانی داعش و دەسەڵاتی تاڵیبانە و تەنانەت ژمارەیەک لە ئەندامان و بەرپرسانی باڵای تاڵیبان لە لایەن داعشەوە تیرۆر کراون. ناوچەی دووەم بیابانەکانی شام لە سوریایە کە داعش لەوێدا شکستی هێناوە بەڵام دوو ناوچەی ستراتیژی، واتە تەنەف کە ئەمریکییەکانی تێدایە و ڕۆژهەڵاتی فۆرات، بوونەتە شوێنێکی لەبار بۆ زیندووکردنەوەی داعش. لە ئێستادا ئەمریکییەکان تیرۆریستانی داعش و بەشێک لە هێزە نەیارەکانی حکومەتی سوریایان تێکەڵ کردووە و هەوڵ دەدەن ڕێکخستن و پڕچەککردنیان لە ناوچەکە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت.
ئایا گرنگترین ناوچەش دەروازەی ئەلبوکەمالە؟
لە ئێستادا ئەمریکا تەرکیزی خستووەتە سەر دەروازەی ئەلبوکەمال – قائیم لە سنورەکانی سوریا و عێراق و گرنگییەکەشی ئەوەیە کە ئەلبوکەمال تەنیا دەروازەی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی خۆڕاگرییە. ئەمریکا دەروازەی تەنەفی کۆنتڕۆڵ کردووە و دەروازەکەی ڕۆژهەڵاتی فۆراتیش لە لایەن کوردانی هاوپەیمانی ئەو وڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و هەموو هەوڵێکی واشنتن لە پێناو ئەوەدایە کە خاڵی پێکەوەبەستنی ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان نەهێڵێت. ئەمەش یەکەم سیناریۆی ئەمریکایە و لە داهاتووشدا پیلانگێڕی نوێی بە دەستەوەیە./.