بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسییە عێراقییەکان ڕۆژی یەک شەممە 27 ی ئاب ڕایانگەیاند کە گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لەم وڵاتەدان، لە ماوەی داهاتوودا بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دەگوازرێنەوە.
ئەو سەرچاوانە بە ماڵپەڕی ” المطلع ” یان ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئەم پرسە گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و بڕیارە سەرجەم چەک و کەرەستە سەربازییەکان لەو گرووپانە وەربگیرێت و لە گەڵ خێزانەکانیان بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق بگوازرێنەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوانە، ڕێکەوتنەکە تا شەش مانگی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە هێشتا کۆماری ئیسلامی ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە سەر ئەم ڕێکەوتنە زانیارییان بڵاو نەکردووەتەوە./.