بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بانگەوازی ڕزگاربوون لەم دیکتاتۆریەتییەی دۆلار، پاش ئەوەی کە ئەمریکا وەک ئامرازێکی خۆسەپاندن و چەکێک لە دژی وڵاتانی سەربەخۆ بەکاری هێناوە و هەروەها بانگەوازی ڕزگارکردنی ئەو وڵاتانەی کە گەلانی ئەوان بە هۆی سزاکانی واشنتنەوە کەوتوونەتە قەیران و کێشەوە، بانگهێشت و بانگەوازێکی نوێ یان تەنیا تایبەت بە گرووپی برێکس نەبووە.
بەڵام بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم چەکە لە دەیەکانی ڕابردوو کە وەک تیرۆریزمی ئابوری پێناسە کراوە، بە تایبەت لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و لە دژی ڕووسیا لە پاش شەڕی ئۆکراینا و لە دژی چین بۆ لاوازکردنی شۆڕشە ئابورییەکەی ئەم وڵاتە لە پاش بوونی بە ڕکابەرێکی بەهێزی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، گرووپی برێکسی کردووەتە وتەبێژی فەرمی ئەو وڵاتانەی کە خوازیاری ڕزگاربوونی جیهانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکان، ئەو وڵاتانەی کە سیاسەتی چەند جەمسەری لە سەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی پەیرەو دەکەن.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە جێبەجێکردنی کرداریی درووشمەکانی برێکس بۆ ڕزگاربوون لە دۆلار بۆ سەرەتای ساڵی 2022 دەگەڕێتەوە، کاتێک کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە شەڕی ئۆکراینا سزایان بە سەر ڕووسیادا سەپاند کە ئەمەش بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە داراییەکانی ئەو وڵاتە لە دەرەوە و هەروەها بێبەشکردنی بانکەکانی لە تۆڕی سوئیفت. سوئیفت تۆڕێکی داراییە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوادایە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕووسیا باس لە بڕیاری فرۆشتنی نەوتەکەی بە دراوی نیشتمانی بکات و لە ڕاستیدا لە مانگی ئازاری 2023 نەوتەکەی بە ڕۆبڵ بە هیندستان فرۆشتووە.
ئەمڕۆ لە پاش ئەندامبوونی وڵاتانی خاوەن نەوت و وزەی وەک ئێران، سعوودیە و ئیمارات لە گرووپی برێکس لە گەڵ ڕووسیا، ئەم گرووپە پشکی گەورەی لە وەبەرهێنانی نەوتی جیهان دەبێت. ئەم چوار وڵاتە بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، بابەتێک کە هانی وڵاتانی ئەندام لە برێکس دەدات نەوتەکەیان بە دراوێکی دیکە بەدەر لە دۆلار بفرۆشن. ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورەیە لە ڕێگایەک کە ڕەنگە دوور و درێژ بێت بەڵام لە ئاکامدا دەگاتە ڕزگاربوون لە پاشایەتی دۆلار لە ئابوریی جیهان و کۆتایی هێنان بە دۆلارە نەوتییەکان.
ئابوریناسان لەو بڕوایەدان کە تەنانەت ئەگەر ئامانجەکەی برێکس بۆ ڕزگاربوون لە زاڵبوونی دۆلار بە هەمان خێرایی وڵاتانی ئەندام لەم گرووپە مسۆگەر نەبێت و ڕەنگە ئەم وڵاتانەش شکست بێنن، بەڵام لە کاریگەری سزاکانی ئەمریکا لە سەر ئەو وڵاتانە کە زیاتر لە سەدا 40 ی دانیشتووانی جیهانن و زیاتر لە سەدا 30 ی نەوتی جیهان بەرهەم دێنن، کەم دەکاتەوە.
گرووپی برێکس ئەوەی سەلماندووە کە زاڵبوونی دۆلار بە سەر ئابوریی جیهان بۆ هەمیشە نییە و وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی بەرەو گەشەسەندن و هەژار دەتوانن لە ئەگەری یەکگرتوویی نێوانیان و بە کردنەوەی دامەزراوە و بانکەکانی جێگرەوە بۆ دامەزراوە و بانکەکانی ئەمریکا، لە زاڵبوونی دۆلار ڕزگار بن و ئەمەش هەمان ئەو کارەیە کە برێکس بە کردنەوەی ” بانکی گەشەپێدانی نوێ ” جێبەجێی دەکات. ئەم بانکە لە داهاتوودا دەبێتە جێگرەوەی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانی ژێر دەستی ئەمریکا وەک سندۆقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی.
هەموو ئەوەی کە باس کرا، بە کورتی لە لێدوانێکی باڵیۆزی ئەفریقای باشور لە چیندا هاتووە کە ڕایگەیاندووە ” ئێمە دژی دۆلار نین، بەڵام دژی ئەوەین وەک کارتێکی گوشار و ئامرازی زاڵبوون بە سەر وڵاتان و سزادانی نایاسایی بەکار بهێندرێت، ئەو سزایانەی کە تاکلایانە و بە پێی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە و هەمووانی تووشی کێشە کردووە “./.