سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە جێناکۆکەکانی نێوان هەر دوو لا بە تایبەت پەکەکە، قەیرانی ئاو و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کورستان شکستی هێنا و هیچ دەسکەوتێک لەو سەردانەدا مسۆگەر نەبووە.
دانوستانەکانی فیدان لە گەڵ کاربەدەستانی بەغدا لەو بوارانەدا شکستی هێنا و هیچ کرانەوەیەک لە ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتدا بەدی نەکراوە.
هاکان فیدان پیاوە هەواڵگرییەکەی تورکیا کە لەم بوارەدا ئەزموونێکی زۆری لە ناوچەکەدا هەیە و بەم هۆیەوە هەموو کات جێی متمانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بووە، ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتکارێک سەردانی عێراقی کرد تا ناکۆکییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغدا لەو چەندین دۆسیەیەدا چارەسەر بکات بەڵام سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق بەردەوام ناڕەزایەتی خۆیی لە بەرامبەر دەسدرێژی و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا بۆ خاکی ئەم وڵاتە بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە پێشێلکردنی خاک و سەروەری خۆی ناوی بردووە. فیدان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا داوای لە حکومەتی عێراق کردبووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت و ڕایگەیاندبوو پەکەکە بووەتە کێشەیەک بۆ عێراقیش.
کێشەی ئاو و درووستکردنی چەندین بەنداو لە سەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات لە لایەن تورکیاوە و گلدانەوەی پشکە ئاوی عێراق بە دۆسیەیەکی هەستیاری نێوان ئەم دوو وڵاتە دادەنرێت. حکومەتی بەغدا ناڕەزایەتی خۆیی لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی تورکیا ڕاگەیاندووە و ئەنکەرەی بە پێشێلکردنی مافەکانی خۆی لەم بوارەشدا تۆمەتبار کردووە.
کێشەکە لەوەدایە کە تورکیا نەک وەک دراوسێ، بەڵکوو لە پێگەی هێز و زۆرەوە لە عێراق دەڕوانێت و ئەمەش شکستی بە دانوستانەکانی فیدان لەم وڵاتە هێنا. بوونی سەربازیی تورکیا کە بەشێک لە خاکی عێراقی داگیر کردووە، لە گەڵ کێشە و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە خاکی تورکیاشەوە کێشەکانی زیاتر کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی دژ بە پەکەکە لە عێراق، زیانە مرۆییەکان و تێچووە داراییەکانی بووەتە هۆی بارگرانییەک بە سەر ئابوری تورکیاوە و بەم هۆیەوە ئەنکەرە هەوڵی گەیشتن بە چارەسەرێکی بەپەلە دەدات.
مەرجە قورسەکانی تورکیا و بەکارهێنانی زمانی هێز و زۆر لە دانوستانەکان، گەیشتە ئەوەی کە هاکان فیدان لە سەردانەکەی بۆ عێراق بە بێ هیچ ئەنجام و دەسکەوتێک بگەڕێتەوە.
بەغدا بەردەوام ناڕەزایەتی خۆیی لە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکارییەی تورکیا دەربڕیوە بەڵام ئەنکەرە تەنیا لە هەوڵی ئەوەدایە خواست و مەرجەکانی بە سەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنێت./.