بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی برێکس لە ئەفریقای باشور جەخت لە سەر بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان لە بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕە داراییەکانی ئەم گرووپە و هاوبەشە بازرگانییەکانی کراوەتەوە. سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس هەروەها پاڵپشتی خۆیان بۆ دابینکردنی سیستەمێکی بازرگانیی نێودەوڵەتی کراوە و دادپەروەرانە بە پێی یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی دووپات کردەوە.
وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس هەروەها بەڵێنی خۆیان بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان لە بواری کشتووکاڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی خۆراک لە ناوخۆی ئەم گرووپە و جیهان دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لە سەر پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیەی ناوەکیی ئێران لە ڕێگای دیپلۆماسی کراوەتەوە و هیوای ئەوەیان خواستووە کە ڕێکەوتنی ناوەکی بە شێوازی تەواو زیندوو بکرێتەوە و بخرێتەوە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەیاننامەکە بە پێویستی زانیوە کە چاکسازی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بکرێت و هەروەها ڕێگری لە پەرەسەندنی چەکی کۆمەڵکوژ بە تایبەت چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بکرێت./.