بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین ڕۆژی یەک شەممە لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی کە چین لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئامادەی بەردەوامیدانە بە هاوکاریکردنی ئێران.
وانگ یی وتی: هەر دوو لا سەرجەم هەوڵەکانیان بۆ زیاترکردنی ئاڵوگۆڕەکان و هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکان دەخەنەگەڕ. چین دەیەوێت درێژە بە هاوکارییەکانی لە گەڵ ئێران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستێوەردانی دەرەکی، خۆڕاگری لە بەرامبەر زلهێزەکان، بەرگری لە دەسەڵات، ئاسایش و پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات بدات.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی کە تاران گرنگی بە هاوبەشی ستراتیژی لە گەڵ چین دەدات و هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و زیاترکردنی هاوکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە دەدات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها ستایشی ڕۆڵی چینی کرد لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە./.