بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەباح زەنگەنە سەبارەت بە سەردانەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سعوودیە و دانوستانەکانی لە گەڵ وەزیری دەرەوە و جێنشینی ئەو وڵاتە، وتی: ئەو دانوستانانە کە لە ڕیاز دەستیپێکرد و لە جەدە درێژەی پێدرا، دانوستانێکی ئەرێنی بووە کە دەتوانێت وەک بناغەی وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بێت، ئەڵبەت دەبێت سەرەتا کاریگەرییەکانی لە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ببینین، پاشان کاریگەرییەکانی لە سەر ناوچەکە و ئەو کەشە ئەرێنییەی کە دەتوانێت لە ناوچەکە دابینی بکات تا وڵاتانی دیکە کەڵک لەو کەشە وەربگرن و هەلومەرجی ناوچەکە بە دابەزینی ئاڵۆزییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان بەرەو گەشەی زیاتر ببرێت.
ناوبراو وتی: گەشەپێدانی ناوچەکە پێویستی بە دابینکردنی ئاسایش هەیە، ئەم دوو بابەتە تەواوکەری یەکترن و بە بێ هەبوونی گەشە، ئاسایش دابین ناکرێت و بە بێ هەبوونی ئاسایش، ناوچەکە ڕووی گەشە بە خۆوە نابینێت.
ئەو شارەزا سیاسییە سەبارەت بە دەسکەوتەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سعوودیە وتی: بە پێی لێکچوونی ئابوریی ئێران و سعوودیە و ئەو توانایەی کە دەتوانێت تەواوکەری ئابوری یەکتر بێت، ئاسۆیەکی گەش لە بەردەم پەیوەندییەکاندا دەبینرێت. سەرجەم ئەو ڕێکەوتن و گرێبەستانەی کە پێشتر لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەبووە دەبێت جێبەجێ بکرێن، ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە بواری ئابوری، بازرگانی، گەشتیاری، تەندرووستی و بوارەکانی دیکەن. ئێران و سعوودیە پێویستە لە بواری وزەی جیهانی هاوکارییان هەبێت و لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەر دوو وڵات هەنگاوی ئەرێنی و زیاتر هەڵبگرن.
زەنگەنە سەبارەت بە ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی عەرەبی لە پاش باشتربوونی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز، وتی: ئێران لە گەڵ نیوەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە، نیوەی دیکەش چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئێران بوون، وەک وڵاتانی میسر و ئەردەن لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بوون کە سعوودیە چی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەکات، بێگومان کە ئەو وڵاتانەش بەرەو باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تاران هەنگاو دەنێن.
ئەو شارەزا سیاسییە سەبارەت بەوەی کە لە پاش سعوودیە، ئەگەری باشتربوونی پەیوەندییەکانی کام وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ئێران لە ئارادایە، وتی: بەحرەین، میسر و ئەردەن لە ڕیزی باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانن. سەبارەت بە وڵاتی مەغریب دەبێت بوترێت کە ئەو وڵاتە بە بیانووی بێ بنەما باڵیۆزخانەکەیی لە تاران داخست بەڵام ئێستا کە سعوودیە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران دەستپێکردووەتەوە، بە پێی پێگەی عەرەبیی ڕیاز، پێدەچێت کە مەغریب هاوشێوەی وڵاتانی دیکە ڕوو لە وتووێژ لە گەڵ تاران بکات. بە گشتی، باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە کاریگەری ئەرێنی لە سەر کۆی پەیوەندییە عەرەبییەکانی تاران دادەنێت.
سەباح زەنگەنە لە کۆتاییدا سەبارەت بە هەبوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئەگەری هەڕەشە و هێرشی سەربازی لەو بنکانەوە لە دژی ئێران، وتی: ئەگەر کەمترین هەڕەشە و کردەوەیەکی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت، ئاشکرایە کە تاران کاردانەوەی دەبێت، وڵاتانی ناوچەکە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو هەستیان بەمە کردووە کە موڵەتی ئەوە بە هێزەکانی بێگانە نەدەن زیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران بگەێنێت، ئەم بابەتە لە ئێستادا زیاتر بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە ڕوون بووەتەوە. ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە واز لە بەسراوەیی بە ئەمریکا و بێگانەکان بێنن، هاوکارییەکی گەورەی خۆیان و گەلانی ناوچەکەیان کردووە./.