کۆبوونەوەی جەدە بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئۆکراینا بە هۆی بەشدارینەکردنی ڕووسیا و سەرەڕای بەشداری 40 وڵات بەدەر لە شکست ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.
کۆبوونەوەکەی جەدە دەرفەتێک بۆ زیلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکراینا بووە تا بۆچوونەکانی خۆی بخاتەڕوو، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە شەڕی ڕاستەقینە لە نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوادایە و داواکارییەکانی پوتین زیاترە لە دۆسیەی ئۆکراینا، داواکارییەکانیش لە سەر ناتۆ، ئەورووپا و سیستەمی نوێی جیهانە.
بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنی دانەوێڵە لێدانێکی گەورە لە ئەورووپا بووە، لە بەر ئەوەی کە لە سەدا 40 ی دانەوێڵەی جیهان هەناردەی ئەورووپا دەکرێت و ڕاگرتنی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکراینا بە دڵنیاییەوە زیاترین کاریگەریی لە سەر وڵاتانی ئەورووپی دەبێت.
لە ئێستادا ئەورووپا کێشەی کەمبوونی وزە و دانەوێڵەی هەیە و ڕوبەڕوی دوو قەیرانی گەورەی وزە و خۆراک بووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە دژە هێرشەکانی ئۆکراینا بەرامبەر بە ڕووسیا سەرکەوتنێکی ئەوتۆی نەبووە. ئەمانەش پیشان دەدات کە شەڕی ئەمریکا و ناتۆ لە دژی ڕووسیا، ئەنجامی پێچەوانەی بۆ ئەورووپا و ئەمریکا هەبووە.
ئەمریکا دەرفەتی ئەوەی دایە زیلنسکی کە دەستپێشخەرییەکەی لە کۆبوونەوەی جەدە بخاتەڕوو بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە ڕووسیایە کە سەرکەوتووی گۆڕەپانەکەیە و شەڕەکە هێشتا بەردەوامە. پوتین جەختیکردووەتەوە کە ئەم شەڕە تا پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت.
ئەمریکا لە هەر دەرگایەک دەدات تا بتوانێت لەو ڕێگایەوە سەرکەوتنێک لە دژی ڕووسیا تۆمار بکات و کۆبوونەوەی جەدە هەوڵێک لەم پێناوەدا بووە.
ئەورووپا و ئەمریکا بڕیاری ئەوەیان داوە کە لە سەرجەم ئاستەکاندا ڕووسیا ڕوبەڕوی شکست بکەنەوە بەڵام ئۆکراینا، ئەورووپا، ناتۆ و ئەمریکا بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکەی خۆیان لە ڕاستیدا گەیشتوونەتە بنبەست. ئەوان بە دژە هێرشەکانی خۆیان لە چەند مانگدا بەرەوپێشچوونی ئەوتۆیان نەبووە و بۆ ئەو هێرشانەش هەوڵێکی دارایی و میدیایی زۆریان هەبووە.
کۆبوونەوەی جەدە ئەنجامی هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی مانگی حوزەیرانی کۆپنهاک بووە و چارەنووسی تەنیا شکستە.
کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی نێودەوڵەتی جەدە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانەی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراینا ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە 5 و 6 ی ئاب ی 2023 لە سعوودیە و بە بێ ئامادەبوونی ڕووسیا بەڕێوەچوو./.