بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی، سەبارەت بە تۆمارێکی دەنگیی ئاشکرابوو لە ڕۆبرت مالی بەرپرسی پێشووی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پرسی گەمارۆکان، وتی: ئەوەی کە مالی لەو تۆمارە دەنگییەدا چی باسکردووە، پەیوەندی بە حکومەتی ئەمریکاوە هەیە کە دەبێت ڕوونکردنەوە بدات. ئێران دانوستانەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی و هەروەها دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران و بە ئامانجی مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی ئێران دەکات و بەردەوام ڕایگەیاندووە کە هێڵە سوورەکانی ئێران بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە و لەم چوارچێوەشدا ئامادەی بەردەوامیدان و بە ئەنجام گەیاندنی دانوستانەکانە.
کەنعانی وتی: تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئەمریکا ڕوون و ئاشکرایە. هیچ کات لە سەر بنەمای متمانە لە گەڵ ئەمریکا وتووێژ و دانوستان ناکەین. ڕێکەوتنی ناوەکیش ئەنجامی متمانە بە ئەمریکا نەبووە و بەردەوامی دانوستانەکانیش لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان و گەڕانەوەی بەرپرسیارانەی سەرجەم لایەنەکان بۆ ڕێکەوتنەکە، لە سەر بنەمای متمانەی گەل و حکومەتی ئێران بە ئەمریکا نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بڕیار بوو کە ڕێکەوتنی ناوەکی واژۆ و جێبەجێ بکرێت و ئەنجامەکەی و پابەندبوونی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی دەیتوانی بنەمای نیمچە متمانەیەک بە حکومەتی ئەمریکا بێت کە واشنتن بە کردەوە لەمەشدا شکستی هێنا. ئێران لە درێژەدان بە دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان لە سەر بنەمای مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بۆ سەر مێزی دانوستانەکان گەڕاوەتەوە نەک ئەوەی کە متمانەی بە ئەمریکا هەبێت. لایەنی ئێران بە کردەوە ئەوەی پیشانداوە کە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیە و بۆ دەستپێکردنەوەی بەرپرسیارانەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە لایەن وڵاتان و لایەنەکانی بەشدار لەم ڕێکەوتنەش ئامادەیی هەیە./.