بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا خۆراک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەوەی هەست بە چی دەکەین. پەیوەندییەکی زۆر هەیە لە نێوان ماددە خۆراکییەکان و دەروونی مرۆڤەکان و دەردانی دەمارە گوێزەرەوەکان.
کۆمەڵە خۆراکێکی دیاریکراو هەن بەستراون بە دەردانی بڕێکی زیاتری هۆرمۆنی سیراتۆنین لەلایەن مێشکی ئێمەوە. سیراتۆنین ناسراوە بە هۆرمۆنی بەختەوەری و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی شێواز و ڕەفتار و میزاجی ئێمە، بڕێکی کەمی سیراتۆنین دەتوانێت ببێت بە هۆکاری ناجێگیری لە هەڵسووکەوتمان.
هەشت خۆراک بۆ هەستکردن بە دڵخۆشی:
چۆکۆلەیتی تاریک:
پێداچوونەوە گشگیرەکان دەریانخستووە کە قاوەی تاریک دەتوانێت کاریگەری ئەرێنییانەی هەبێت لەسەر ڕەفتار و میزاجی کەسەکان. سێ پێکهاتەی سەرەکی لە چۆکۆلەیتدا هەن پەیوەندیدارن بە هەستکردن بە بەختەوەرییەکی زیاتر کە بریتیین لە تریپتۆفان، ثیۆبرۆماین هەروەها ڤێنیل ئەسیل ئەلانین. تریپتۆفان ترشە ئەمینییەکە لە دروستکردنی سیراتۆنیندا دەماخ بەکاری دەهێنێت. ثیۆبرۆماین هاندەرێکی لاوازە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەشت و ڕەفتار دروست بکات. هەروەها فێنیل ئەسیل ئەلانین ترشە ئەمینییەکی ترە کە جەستە بۆ دروستکردنی دۆپامین سوودی لێوەردەگرێت و وەک دژە خەمۆکی ڕۆڵ دەبینێت.
مۆز:
ئەگەر شتێک هەبێت بەناوی خۆراکی ڕەفتار باشی ئەوە مۆزە، لەگەڵ ئەوەی مۆز لە سیرۆتۆنین پێکدێت بەڵام ناتوانێت بەربەستی نێوان خوێن و مێشک ببڕێت (بەربەستی نێوان دڵ و مێشک بەربەستێکە ڕێگە بە پێداڕۆشتن و پێدانەڕۆشتنی کۆمەڵە ماددەیەک دەدات و دیاریدەکات لە خوێندا بمێننەوە یان بگەنە مێشک). بەڵام مۆز ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە ڕێکخستنی ڕەفتارەکانت بە چەند ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ. جەستە پێویستی بە ڤیتامین B6 بۆ دروستکردنی سیرۆتۆنین و مۆزیش بە تایبەتی بەم ماددە خۆراکییە دەوڵەمەندە، مۆزێکی قەبارە مامناوەند ٠.٤ میلگرام لە ڤیتامین B6 تێدایە کە ڕێژەی لەسەدا ٢٥ـی ڕۆژانەیە.
گوێزی هیندی:
گوێزی هیندی دەتوانێت چەژە گۆپکەکان و میزاج بۆ ئەو شێوەیەی بیری لێدەکەیتەوە بگوازێتەوە. گوێزی هیندی لە زنجیرەی ناوەندی گلایسیرایدی سیانی پێکدێت و ئەمەش یارمەتی وەرگرتنی وزە دەدات. ڕێگایەکی تریش کە وایکردووە گوێزی هیندی لەو خۆراکانە دابنرێت کە کاریگەرییان لەسەر هەستی بەختەوەری و دڵخۆشی هەیە ئەوەیە کە شیری گوێزی هیندی یارمەتیدەرە لەکەمکردنەوەی هەستی دوودڵی و نیگەرانی.
قاوە:
نزیکەی یەک بلیۆن کەس هەن لە جیهاندا کە قاوە دەخۆنەوە. بەردەوام بوون لە خواردنەوەی قاوە بێگومان بە بڕێکی مامناوەند، هۆکاری دڵخۆشترکردنی جیهانە.خواردنەوەی قاوە بە هاوپەیوەند لە گەڵ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی خەمۆکی دادەنرێت.
بەشێک لە توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە خواردنەوەی قاوە، کافایینی و بێ کافایین، هۆکارێکە بۆ باشتر کردنی میزاج بە بەراورد بە وەرگرتنی دەرمان.
ئاڤۆگادۆ:
جەخت لەوە کراوەتە کە ئاڤۆگادۆ لەتوانایدا هەیە هەستی دڵخۆشییەکی زیاترمان پێ ببەخشێت. ئەم میوە نەرم و شل و کرێمییە پڕە لە خۆراکە ماددەی وەک کۆلاین، کە جەستە بۆ ڕێکخستنی دەمارە کۆئەندام و ڕەفتارەکان بەکاریدەهێنێت. توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠٢٠ دەریانخستووە کە چەورییە تەندروستەکانی ناو ئاڤۆگادۆ هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی هەستی نیگەرانی و خەمۆکی لە ئافرەتاندا. هۆکارێکی تر بۆ وەرگرتنێکی بڕێکی زۆری ئاڤۆگادۆ بریتییە لەوەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B، کە پەیەوەستە بە کەمکردنەوەی هەستی دوودڵی لە مرۆڤ.
توو:
وەرگرتن و خواردنی بڕێکی زۆرتری میوە هۆکارە بۆ باشترکردنی دەروون دروستی. لە ساڵی ٢٠١٦ لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە چۆن خواردنی سەوزە و میوە ڕۆڵی هەیە لە باشترکردنی دەروون دروستی. توو دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسیدێنتەکان کە ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی. توێژینەوەیەکی تر دەریخستووە کە ئەو ماددانەی شەربەتی تووی شینیان تێدایە، وەرگرتنی تووە شینەکە لەلایەن جەستەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی لەبیرچوونەوەی شتەکان.
خواردنە خۆشکراوەکان:
ئەو خواردنانەی وەک کەلەرمی خۆشکراو و کێمچی یان ماست، یارمەتیدەر دەبن لە مانەوەی تەندروستی گەدە و ڕیخۆڵەکانت هەروەها کاردەکەنە سەر شێوازی ڕەفتارەکانت. کرداری ترشاندن دەبێتە هۆی پاراستن و مانەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی گەدە. بێگومان زۆر جار کاتێک نائاسوودەییەک لە گەدەتدا هەبێت وادەکات ڕەفتارەکانت تێکبچن و کاریگەری لەسەر میزاجت دروست دەکەن، بەهەمان شێوەش مانەوەی گەدەت بە تەندورستی وادەکات میزاجێکی ڕێک و دروستت هەبێت. لە سەدا ٩٠ـی ئەو سیراتۆنینەی جەستە دروستی دەکات لەلایەن خانەکانی گەدە دەبێت. هەر بۆیە خواردنی خواردنە ترشکراوەکان یارمەتی باشتر بەرهەم هێنانی سیراتۆنین دەدات.
قارچک:
قارچک ڤیتامین D تێدایە، کە دژە خەمۆکیەکە و یارمەتی دەستخستنی میزاجێکی باش دەدات. چونکە تاکە سەرچاوەی ڕووەکییە بۆ ڤیتامین D و بڕێکی باشی تێدایە. بۆ وەرگرتنی باشترین بڕی ڤیتامین D لە قارچک، چەند کاتژمێرێک پێش کوڵاندنی بیخەرە پێش خۆر و دواتر بیکوڵێنە. هەندێکجار کاتێک کەسێک نیگەرانە پەنا دەبات بۆ خواردنی شیرینی و خواردنە لە قوتونراوەکان، کە دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی هەستی دڵخۆشیت بۆ دروست بکەن و دڵخۆشکەر بن بەڵام دواتر دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیت و هەروەها ناتوانن هیچ سوودێکیان بۆ دەرووندروستیت و باشترکردنی شێوازی ڕەفتارەکانت هەبێت./.