بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازیی لە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس کرد. کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیا و لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکاندا بووە.
مەحمود عەباس و ئیسماعیل هەنیە ڕۆژی سێ شەممە گەیشتنە ئەنکەرە و شەوی ڕابردوو پێکەوە کۆبوونەوە. میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەکەیان لە پێناو باشترکردنی کەشی پەیوەندییەکانیان پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرکردە فەڵەستینییەکان لە قاهیرە بووە.
حسام بەدران یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە کە هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا بە ڕاشکاوانە وتووێژیان کردووە و بزوتنەوەی حەماس هەوڵ دەدات کۆبوونەوەکەی قاهیرە ببێتە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بۆ فەڵەستینییەکان.
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی فەڵەستین لە سەر بانگهێشت و دەستپێشخەری میسر، بڕیارە لە ڕۆژانی 29 و 30 ی تەمموز لە شاری قاهیرە بەڕێوە بچێت./.