بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی بەریتانی تەلەگراف ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی ” لە سەردانەکانی کەمپین تا پەیوەندییەکی سارد، هۆکاری ناکۆکییەکانی دوو سەرکردە هاوپەیمانیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟ ” بڵاو کردووەتەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات سەرەڕای دۆستایەتی بەهێزی 7 ساڵی ڕابردووی نێوانیان، ماوەی 6 مانگە کە قسەیان پێکەوە نەکردووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر پەیوەندییەکی زۆر باشیان پێکەوە هەبووە.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵی ئەمریکی داوە و ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییەکی توند لە نێوان ئەم دوو سەرکردە عەرەبەدا هەیە و نیگەرانی ئەوەش هەیە کە ناکۆکییەکان بگاتە شەڕ و دوژمنایەتی زیاتر.
ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە جێنشینی سعوودیە لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو پەیامنێرانی بانگهێشتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کرد و بەوانی ڕاگەیاند کە ئیمارات لە پشتەوە خەنجەری لە ئێمە داوە و ئەوان دەبینن کە من چی دەتوانم بکەم.
ئەگەرچی بەرپرسانی سعوودیە و ئیمارات پێداگرییان لەوە دەکرد کە بڵێن پەیوەندییەکانیان بەهێزە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە دەسەڵاتی ڕیاز ڕایگەیاندووە کێبڕکێی نێوان ئەم دوو سەرکردەیە شتێکی نوێ نییە و لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بدەین کە هەندێک کات تووشی کێبڕکێ و ناکۆکی زۆر دەبن.
یەکێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە محەممەد بن زاید و محەممەد بن سەلمان کەسانێکی پاوانخوازن و دەیانەوێت کاراکتەری سەرەکی لە ناوچەکە بن و بە گشتی شەڕ و ناکۆکی ئەوان سوودێکی بۆ ئێمە نابێت.
جۆن جەنکینز باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە سعوودیە ڕایگەیاندووە کە جێی سەرسوڕمان نییە کە ئەم کێبڕکێ و ناکۆکییە توندتر بووە بەڵام ئەمەش بە واتای دوژمنایەتی لە نێوان بن سەلمان و بن زاید نییە.
ناوبراو وتی کە بن سەلمان دەیەوێت لە هەندێک بواردا لە ئیمارات پێشکەوێت و ئەم هەوڵەش ئێستا وەک کێبڕکێ وێنا دەکرێت کە دەتوانێت کۆنتڕۆڵ بکرێت تا ئەو کاتەی کە هەر دوو لا خواستی سازشتیان هەبێت.
سعوودیە و ئیمارات لە سەرەتای قەیرانی یەمەن هەڵوێستێکی هاوشێوەیان هەبوو بەڵام بە بەردەوامی ئەم قەیرانە تووشی جیاوازی لە هەڵوێست و بیرکردنەوەدا بوون، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دۆسیەی یەمەن ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات. لە ساڵی 2019 ئیمارات هێزەکانی لە یەمەن کشاندەوە بەڵام بۆ ئامادەبوون لە باشوری یەمەن لە داهاتوودا پلانی هەیە. ئیمارات بەنیازە لە باشوری یەمەن بە مەبەستی زاڵبوون بە سەر گەروی بابولمەندەب بنکەیەکی سەربازی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی بکاتەوە و بۆ ئەمەش لە گەڵ حکومەتی دەست لە کار کێشراوی یەمەن بە سەرۆکایەتی مەنسور هادی ڕێکەوتنی کردووە.
پاش سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان لە نێوان ڕیاز و ئیمارات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت لە کۆبوونەوەی پێشووی ئۆپێک، سعوودیە هاوردەی کاڵای لە ئیمارات کەمکردوە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش ڕایانگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو هاوکارییەکانیان لە گەڵ ئەو کۆمپانیا بیانییانەی کە ناوەندی ناوچەییان ڕیاز نییە، ڕادەگرن. ئەمەش بووە هۆی گواستنەوەی نووسینگەی چەندین کۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ ڕیاز کە کاریگەری نەرێنیی لە سەر ئابوری ئیمارات دەبێت.
ئیمارات و سعوودیە لە ساڵانی ڕابردوودا ناکۆکییەکانیان لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکاندا دەهێشتەوە بەڵام ئێستا ناکۆکییەکان لە چەندین دۆسیەدا ئاشکراتر بووە و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵای گەیشتووەتە ناکۆکی لە سەر ڕۆڵی ناوچەیی و کەرتی ئابوری./.