موسڵمانانی جیهان نابێت تەنیا سەلوان مۆمیکای تیرۆریست بە تاوانباری ئەم سووکایەتییە بزانن، لە بەر ئەوەی کە ئەو و هاودەستەکانی تەنیا ئامرازی دەستی تاوانباری ڕاستەقینەن کە ئەویش حکومەتی سویدە.
سەلوان مۆمیکا ئەو کەسەیە کە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، بێڕێزیی کردە پیرۆزییەکانی زیاتر لە دوو ملیار موسڵمان. ناوبراو دیسانەوە 20 ی تەمموزی 2023 بە موڵەتی حکومەتی سوید و بە پاڵپشتی پۆلیسی ئەو وڵاتە تاوانەکەی دووبارە کردەوە و ئەمجارە ئاڵای عێراقیشی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە لە شاری ستۆکهۆڵم سووتاند.
لە کاتێکدا کە ئەنجامدەرانی سەرەکی ئەم تاوانە هەوڵیاندا مۆمیکای نەزان و تیرۆریست ببێتە جێی سرنجی خەڵک تا ئامانجەکانی خۆیان بۆ پیلانگێڕی مەزهەبی مسۆگەر بکەن، بەڵام بە هۆی ووشیاری موسڵمانان و مەسیحییەکان ئەم پیلانە شکستی هێنا. ئەم کەسە نەزانە تەنانەت نوێنەری خۆیشی نییە و لە کردەوە و قسەکانیدا دەتوانین بەوە بگەین کە تەنیا ئامرازێکی دەستی کەسانی دیکەیە.
بە هەڵسووکەوتە نەشیاو و تیرۆریستانەکەی مۆمیکا دەتوانین بە هەندێک لە ئامانجەکانی حکومەتی سوید بگەین. سەرەتا داوایان لە ناوبراو کرد کە قورئان بسووتێنێت و لە قۆناغی دواییدا ئاڵای عێراقیشیان پێ زیاد کرد. بێگومان لە داهاتوودا شتی دیکە لەمەش زیاد دەکرێت تا ئامانجەکانی ئەم وڵاتە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی مەزهەبی و پیلانگێڕی لە نێو گەلانی موسڵمان و عەرەبی مسۆگەر ببێت. ئەڵبەت پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەوان بە ئامانجەکانیان ناگەن و موسڵمانان، مەسیحییەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئائینییەکان لە ناوچەکەی ئێمە موڵەتی وەها پیلانگێڕییەک بە ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و جیهانی ڕۆژئاوا نادەن.
ئێستا بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی زایۆنیستەکان کە بە دەستی حکومەتی سوید و بە گەمژانەترین شێواز جێبەجێ کراوە و بۆ ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی ئەم تاوانە قێزەڤنە کە بە بیانووی ئازادی ڕادەربڕین دەکرێت، گەلانی عەرەبی و ئیسلامی دەبێت گوشار لە سەر حکومەتەکانی خۆیان دابنێن تا باڵیۆزەکانی سوید دەربکەن و باڵیۆزەکانی خۆیان لەو وڵاتەش بانگهێشت بکەنەوە، هەمان ئەو کارەی کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان داوای کردووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش حکومەتی عێراق کارکردنی لە گەڵ کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئەریکسۆن سوید ڕاگرت کە هەنگاوێکی زۆر گرنگە. ئەگەر سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ئەم ڕێگایە بگرنەبەر، بەرپرسانی سوید واز لە پیلانەکانیان دەهێنن، ئەو پیلانانەی کە تەنیا بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکرێت./.