بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ناکۆکی نێوان ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوە لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێسحاق هرتزۆگ سەرۆکی ئەو ڕژێمە ئەمڕۆ سێ شەممە سەردانی واشنتن دەکات.
سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئەمریکا هاوکاتە لە گەڵ زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان جۆبایدن و بنیامین نتانیاهۆ.
لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەی نییۆرک تایمزدا هاتووە کە پاش ئەوەی ئەندامێکی دیمۆکراتەکان ڕژێمی زایۆنیستیی بە ڕژێمێکی ڕەگەزپەرست ناو برد، سەرکردەکانی ئەو حیزبە ڕەخنەیان لەو گرت و پێش ئەوەش بایکۆتکردنی وتارەکەی سەرۆکی ئیسرائیل لە کۆنگرێس ئاستی ئاڵۆزییەکانی نێو کۆنگرێسی زیاتر کردووە.
پرامیلا جایاپاڵ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەرۆکایەتی گرووپێکی گەورەی دیمۆکراتەکان لە کۆنگرێس بە ناوی گرووپی پێشڕەوی کۆنگرێس دەکات، سەرەتای ئەم هەفتەیە لە میانەی کۆنفرانسێکدا ڕوونیکردەوە کە بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس هەوڵ دەدەن تا ئەوە بسەلمێنن کە ئیسرائیل حکومەتێکی ڕەگەزپەرستە.
نیۆیۆرک تایمز ڕایگەیاندووە، هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئەمریکا، دیمۆکراتەکان لەوەدا تووشی ناکۆکییەکی قووڵ بوون کە تا چەندە پاڵپشتی لە ڕژێمی زایۆنیستی بکەن، یان ئەوەی تا کەی درێژە بە پاڵپشتیکردنی ئەو ڕژێمە بدەن./.