بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، 17 ساڵ بە سەر دووەم دەسدرێژی سەربازی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان تێپەڕ دەبێت، شەڕێک کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە لە تەمموزی 2006 بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی شکستەکەی ساڵی 2000 لە بەرامبەر حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان و هەروەها بۆ نمایشکردنی پرۆژەی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستیپێکرد بەڵام ئەنجامەکەی بە پێچەوانەی ئەو ئامانجانە بوو کە لە لایەن واشنتن و تەل ئەبیبەوە دیاری کرابوو.
شەڕی تەمموز و خەونەکەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
کاندولیزا ڕایس وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا لە تەمموزی 2006 ڕایگەیاند کە بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەبێت حزبوڵڵای لوبنان لە ناو ببرێت. زایۆنیستەکان پێیان وابوو کە بە پاڵپشتی ئەمریکا لە ماوەی چەندین ڕۆژدا دەتوانن بە سەر حزبوڵڵادا زاڵ بن و بگەنە ئامانجی خۆیان، واتە لەناوبردن و چەککردن یان لانیکەم نەهێشتنی حزبوڵڵا لە هاوکێشەکانی لوبنان و ناوچەکە. ڕایس بە ڕاشکاوانە باسی پرۆژەی وڵاتەکەیی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد.
لە ڕوانگەی تەل ئەبیب و واشنتنەوە یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ناسراو بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، نەمانی حزبوڵڵا لە لوبنان و ناوچەکە بووە تا لە قۆناغی دواتریشدا سوریا لاواز بکرێت و بەرەی خۆڕاگری بە سەرکردایەتی ئێران هەڵبوەشێتەوە. ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی کە وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا باسی دەکرد ناوچەیەک بوو کە ڕژێمی زایۆنیستی تاکە هێزی بێت و بە بێ ترس لە هیچ هەڕەشەیەک درێژە بە داگیرکارییەکانی خۆی لە ناوچە عەرەبییەکان بدات. بەڵام ئایا ئەو ناوچەیەی کە ئەمریکا و زایۆنیستەکان خەونیان پێوە دەبینی، بووەتە ڕاستی؟
پیلانی ئەمریکا بۆ دابەشکردنی ناوچەکە
تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو پیشان دەدات کە ناتوانین شەڕەکەی تەمموزی 2006 لە ڕووداوەکانی ئەیلولی 2001 و هێرشی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە هەمان ساڵ و هەروەها هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 جیا بکەینەوە، لە بەر ئەوەی کە شەڕی تەمموزی 2006 خاڵی وەرچەرخانی پرۆژەیەکی ئەمریکا بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی نێودەوڵەتی بە گشتی و نەک تەنیا ڕۆژئاوای ئاسیا بووە. بنەمای سەرەکی ئەم پرۆژەش لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی واشنتن و ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای دابەشکردنی ناوچەکە، دامەزراندنی حکومەتە بچووکە تائیفییەکان لە وڵاتانی عەرەبی وەک سوریا، لوبنان، عێراق و …. و بە واتایەکی دیکە بە فیدراڵیکردنی ئەوان بوو تا لە ئاکامدا ناوچەکە بە گشتی بکرێتە ژێردەستەی ئەمریکا.
ئەمریکییەکان هەوڵیان دەدا لە شەڕی تەمموزی 2006 بەدەر لە مانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەم ڕژێمە لە ناوچەکە، بگەنە سەروەت و سامانی وڵاتانی عەرەبیش.
بەم پێیەش شەڕی تەمموز لە چوارچێوەی گەورەترین پرۆژەی بەرفراوانترکردنی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستیپێکرد و وەک چۆن کە ژاک شیراک سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی فەرەنسا باسی کرد، شەڕەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ شەڕەکەی ئەمریکا لە عێراق نەبوو و ئامانجی سەرەکی و ڕاگەێندراوی، لەناوبردنی حزبوڵڵا و چەککردنی و پاشان ڕووخانی لوبنان و هەوڵدان بۆ دابەشکردنی ئەم وڵاتە بوو کە دەکەوتە چوارچێوەی پرۆژەکەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە.
ڕاستە کە ڕژێمی زایۆنیستی شەڕ و دەسدرێژییەکەی ساڵی 2006 ی لوبنانی دەستپێکرد بەڵام ئاشکرایە کە ئەمریکا لە پشتەوەی هێرشەکەوە بوو و بە واتایەکی دیکە ئەندازیاریی شەڕەکەی دەکرد. واشنتن هەوڵیدەدا پاش ڕووداوەکانی ئەیلولی 2001 کەڵک لە بوونی هێزە سەربازییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی گەورە لە ناوچەکە وەربگرێت و هێرشی سەر لوبنان یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ئەم پرۆژەیە بوو.
لێکدانەوەی هۆکارەکانی دەستپێکردنی ئەم شەڕەش پیشان دەدات کە دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر لوبنان لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە دیلگرتنی دوو سەربازی زایۆنیست لە لایەن حزبوڵڵاوە لە خاڵی سفری سنوریی نێوان لوبنان و فەڵەستینی داگیرکراو نەبووە و ئەمەش تەنیا بیانوویەک بۆ دەستپێکردنی شەڕەکە بووە، بەڵکوو لە پاش شکستی پیلان و نەخشەکانی پێشووی ئەمریکا و ڕژێنی زایۆنیستی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو تا ساڵی 2000 کە خۆڕاگری ئیسلامی لوبنان داگیرکارانی لە باشوری ئەم وڵاتە کردە دەرەوە، ئەمریکا لە چاوەڕوانی دەرفەتی جێبەجێکردنی پیلانێکی دیکە لە دژی حزبوڵڵا بوو. ساڵێک بەر لەوەش، واتە لە ساڵی 2005 و لە پاش تیرۆرە گوماناوییەکەی ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان کە ئەمریکا و هاوبەشەکانی تا بە ئەمڕۆش موڵەتی ئاشکرابوونی ڕاستییەکانیان نەداوە، واشنتن هەوڵی داوە بۆ هاندانی ڕای گشتی لە دژی حزبوڵڵای لوبنان و سوریا کەڵک وەربگرێت.
لەم نێوەندەدا ڕژێمی زایۆنیستیش سەرەڕای ئەوەی کە ئامادەیی دەستپێکردنی شەڕێکی بەربڵاوی نەبوو، هەوڵی ئەوەی دەدا بە پاڵپشتی ئەمریکا شکستەکانی ڕابردووی قەرەبوو بکاتەوە، بە تایبەت شکستەکەی ساڵی 2000 ی سوپاکەی لە باشوری لوبنان، هەروەها نیگەرانی بەهێزبوونی حزبوڵڵاش بوو و بە تایبەت ئەوەی کە ڕاپەڕینی چەکداریی فەڵەستینییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی حزبوڵڵا و بەردەوامبوونی هۆکاری نیگەرانیی زایۆنیستەکان بوو. هەر بۆیە پەنای بردە شەڕی دژ بە حزبوڵڵا و کەڵکی لە پاڵپشتی ئەمریکا وەردەگرت.
پرۆژەکەی ئەمریکا چۆن شکستی هێنا؟
ئەمریکا هاوکات لە گەڵ پاڵپشتی ڕژێمی زایۆنیستی، لە ناوخۆی لوبنانیش هەوڵی هاندانی ڕای گشتیی لە دژی حزبوڵڵا دەدا و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە شەڕەکە بە هۆی حزبوڵڵاوە دەستیپێکردووە. ئەم شەڕە لە پاش 33 ڕۆژ کۆتایی هات، بە بێ ئەوەی کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تەنانەت بگەنە هیچ یەک لەو ئامانجانەی کە باسیان دەکرد. لەمەش زیاتر، شەڕەکە ئەنجامی پێچەوانەی بۆ زایۆنیستەکان هەبوو، حزبوڵڵا نەک تەنیا چەک نەکرا بەڵکوو شەڕەکە بووە سەرەتایەک بۆ بەهێزبوونی لە ڕووی سەربازییەوە و پرۆژەی مووشەکیی حزبوڵڵا ئەنجامی ئەو هاوکێشەیە بوو کە خۆڕاگری لە شەڕەکەی تەمموزی 2006 دیاریکرد.
بەم پێیەش دەبێت شەڕەکەی تەمموز بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی شەڕ و پێکدادانەکانی خۆڕاگری لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی لە ناوچەکە ناو ببەین، لە بەر ئەوەی کە دۆخێکی دژواری ڕوبەڕوی زایۆنیستەکان لە فەڵەستینی داگیرکراو کردەوە. شکستی پرۆژەی بە ناوی ئیسرائیلی گەورە، تێکشکانی تانکەکانی ناسراو بە مرکراوا، شکستی سیستەمەکانی بەرگریی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی، ئاشکرابوونی خاڵە لاوازەکانی بەرگری و لۆجستیی زایۆنیستەکان و …. لە ئاشکراترین و خێراترین لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی شەڕی تەمموز بۆ داگیرکاران بووە./.