بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، جەختیکردەوە کە ئەم وڵاتە لە ئێستادا خاوەن ئاسایش و سەقامگیرییە و بە ڕاستەڕێگای خۆیدا دەڕوات و پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە، ئەورووپا و جیهان هەیە.
ناوبراو پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە بەهێز ناو برد و وتی کە لە زۆر بواردا هەر دوو وڵات هاوئاهەنگی باشیان هەیە و هاوکارییەکان تەنانەت لە ڕووی ئەمنییەوە بەردەوامە و پلانی هاوبەشیش بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان هەیە.
دەقی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆک کۆماری عێراق لە گەڵ کەناڵی العالم لە درێژەدا هاتووە:
عێراق لە پاش ساڵانێک شەڕی تائیفی و شەڕی دژ بە تیرۆریزم، بۆ ڕۆڵ و پێگەی ئاسایی و مێژوویی خۆی دەگەڕێتەوە. چ هۆکارێک ڕۆڵیان لەم گەڕانەوەیەدا هەبووە؟ ئایا لە عێراق سەردەمێکی نوێ دەبینین؟ ئایا دەتوانین بڵێین کە عێراق لە باشترین بارودۆخی پاش ساڵی 2003 دایە؟
بارودۆخی نوێی عێراق بۆ ئێمە جێی خۆشحاڵی و شانازییە، دەتوانم بە ڕۆڵی نوێی عێراق ناوی ببەم، ئەمەش لەناکاو بەدینەهاتووە، بەڵکوو ئێمە لە عێراق چەندین قەیرانمان تێپەڕاندووە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە شەڕی ناوخۆیی یان دەرەکی و شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا بووین، ئەم قەیرانانە ئێمەیان ئازار داوە، نەک بۆ چەندین مانگ، بەڵکوو بۆ چەندین ساڵ و چەندین دەیە. هەر بۆیە بە بۆچوونی من، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا بەو بڕوایە گەیشتوون کە ئێمەین لە شەڕ و پێکدادانە ناوخۆییەکاندا زیان دەکەین، هەر بۆیە لێک تێگەیشتن، وتووێژ و هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەستیپێکردووە.
هەڵبژاردنەکان لە ڕابردوودا بەڕێوە دەچوو بەڵام پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کاتێکی زۆری دەبرد، من پێم وایە کە ئەم ماوە زۆرە بەرژەوەندی زۆر گرنگی بۆ عێراق و داهاتووی وڵات هەبووە، بە هۆی ئەوەی کە بووە هۆی مسۆگەربوون و بەدیهاتنی لێک تێگەیشتنی نێوان پارێزگاکانی عێراق لە باکور تا باشور و لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا و هەروەها لێک تێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند. ئەم لێک تێگەیشتنانە گەیشتە ئەنجامی ئەرێنی و باشی وەک پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
لە لایەکی دیکەوە، پلانەکانی حکومەتیش لایەنە سیاسییەکانی لێک نزیک کردووەتەوە و ئێستا هیوامان بەوە هەیە بتوانین پلانە سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزارییەکان لە عێراقدا زیاتر جێبەجێ بکەین. عێراق لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، ژێرخانەکان و تەنانەت پەیوەندی خەراپ لە گەڵ وڵاتان زیانی پێگەیشتووە بەڵام ئێستا لە ڕاستیەڕێگای خۆیدایە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە، ئەورووپا و جیهان باشە و هەمووان پێشوازی لە ڕۆڵی نوێی عێراق و قۆناغی نوێی وڵاتی ئێمە دەکەن. گرنگتر لەمانەش، ئەوەیە کە عێراق لە ئێستادا خاوەنی ئاسایش و سەقامگیرییە و لە ئەنجامی ئەمەش حکومەت دەتوانێت پلانەکانی جێبەجێ بکات و پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی جیهان باشتر بکات.
عێراق ڕۆڵی گرنگی لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیە هەبووە، ئەم ڕۆڵەی عێراق چۆن دەبینن؟ ئایا ئێمە سیستەمێکی نوێی ناوچەیی بە ڕۆڵێکی ئەمنی و سیاسی نوێ لە ناوچەکە دەبینین کە هێماکانی لەم ڕۆڵەی عێراق و هەروەها نزیکبوونەوەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەرکەوتووە؟
من پێم وایە کە ئەمە خاڵێکی ئەرێنی و گۆڕانکارییەکی گرنگ لە دۆخی ئەمنی و هەروەها هاوکارییە لە ناوچەکە. ئاسایش و هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە پەیوەندیی هەیە، هەر بۆیە پەیوەندی باشی نێوان سعوودیە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەگاتە پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و باشتربوونی دۆخی ئابوری.
عێراق دیسانەوە ڕۆڵی لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و میسردا هەیە. تا ئێستا چەند گەڕی وتووێژەکان بەڕێوەچووە و ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و قاهیرە چۆن دەبینن و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان چ کاریگەرییەکی لە سەر دۆخی ناوچەکە دەبێت؟
باشتربوونی پەیوەندی نێوان هەموو وڵاتان بە پێویست دەزانین و ئەمەش کاریگەری ئەمنی، ئابوری و تەنانەت کۆمەڵایەتیی هەیە، بەم هۆیەوە من پێم وایە کە پتەوبوونی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری ئەرێنیی بە دواوە دەبێت.
تاران بە هۆی بوونی گرووپە نەیارە چەکدارەکانەوە لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی ئەمنیی هەیە. عێراق چۆن لەم نیگەرانییەی ئێران دەڕوانێت، لە لایەکی دیکەوە ڕێکەوتنێکی ئەمنی لە نێوان تاران و بەغدا واژۆ کراوە، ئایا قۆناغەکانی جێبەجێکردنی دەستیپێکردووە و چۆن ئەم دۆسیەیە دادەخرێت؟
پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق بەهێزە، ئێمە لە زۆر بوارێکدا هاوئاهەنگیمان هەیە و هاوکارییەکان تەنانەت لە ڕووی ئەمنییەوە بەردەوامن و پلانی هاوبەشمان بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنورەکان هەیە. ئێمە وەک هەر وڵاتێکی دیکە ڕێز لە پەنابەرەکان دەگرین بەڵام موڵەتی ئەوە بەوان نادەین کە لە خاکی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ کەڵک وەربگرن. سیاسەتی ئێمە ڕوونە و ئەوەش بە سیاسەتێکی درووست لە نێوان خۆمان و وڵاتانی دراوسێ دەزانین. سەبارەت بە ڕێکەوتنە ئەمنییەکەش چەندین کۆبوونەوە کراوە و هێزە ئەمنییەکانی هەر دوو وڵات لە سنورەکاندا جێگیر کراون.
کۆماری ئیسلامی ئێران هاوبەشێکی ئابوری گەورەی عێراقە و لە شەڕی دژ بە تیرۆر و گرووپی تیرۆریستی داعش لە گەڵ ئەم وڵاتەدا هاوکاری کردووە، لە لایەکی دیکەوە، لە ڕووی مێژوویی و کەلتوری و ئائینییەوە هاوبەشییەکی زۆر لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە. چۆن دەکرێت پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بدرێت و کێشە و بەربەستەکانی بەردەم داهاتووی پەیوەندییەکان چارەسەر بکرێت؟
پەیوەندییەکانی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستێکی باشدایە و بۆ باشتربوونی ئەم پەیوەندییانەش وتووێژ و ڕاوێژی نێوانمان بەردەوامە کە ئەگەر نەڵێم ڕۆژانە، بەڵکوو بە شێوازی هەفتانە بەڕێوە دەچێت، لە ئاستە جیاجیاکانی وەک سیاسی، ئابوری، دیپلۆماسی و ئەمنی. بە بۆچوونی من ئێران و عێراق لە گەیشتن بە ڕێکەوتنی نوێ لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات هەنگاوی باشیان هەڵگرتووە.
ئایا پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق نەیاریشی هەیە، ئایا عێراق بۆ دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران گوشاری لە سەرە؟
ڕاستگۆیانە بڵێم تا ئێستا کەسێک گوشاری لە سەر من و کۆماری عێراق نەکردووە، ئێمە سیاسەت و پلان و بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات و هەروەها هاوکارییەکان لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە بەرچاو دەگرین.
ئێوە لەم ماوەیەدا سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانتان کرد و لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کۆبوونەوە. لەو سەردان و کۆبوونەوەدا چی سرنجی ئێوەی ڕاکێشا؟
سەرەتا پێویستە بڵێم کە خۆشحاڵم بە سەردانەکەم بۆ تاران و سوپاسی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت ڕێبەری باڵا و سەرۆک کۆمار دەکەم. کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون. ئێمە بڕیارماندا کە پەیوەندییەکان، هاوکاری و هاوئاهەنگی لە سەرجەم بوارەکاندا زیاتر بکرێت. سەبارەت بە پرسی ئاو و کارەبا و بابەتە پێویستەکانی دیکە وتووێژمان کرد، هەر بۆیە پەیوەندییەکانمان بەردەوام و بەهێزە و شانازی پێوە دەکەن و چاکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتە دژوارەکانی عێراقدا لەبیر ناکەین و هەوڵەکانی ئێمە لەم بوارەدا بە هۆی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵاتە.
پەیوەندیتان لە گەڵ سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سودانی چۆنە و ئایا ئەم حکومەتە 4 ساڵەکەی تەواو دەکات یان بە پێی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت؟ ئایا ئەم حکومەتە باشترین حکومەتی پاش 2003 ی عێراقە؟
پەیوەندی نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان زۆر باشە و لە ئێستادا هەوڵ و گرنگیی ئێمە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی حکومەتە، بە تایبەت لە پاش پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە. ئێمە هیوادارین پلانەکانی حکومەت جێبەجێ بکرێت و گۆڕینی حکومەت لە پلانی ئێمەدا نییە. سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانیش سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانن کە بڕیار دەدەن.
پەیوەندییەکانی نێوان هەریمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق هەندێک کات ئاڵۆز بووە و ناکۆکی و بێ متمانەیی باڵی بە سەر پەیوەندییەکاندا کێشاوە. هەڵوێستی سەرۆک کۆمار لە بەرامبەر ئەم ناکۆکییانەدا چییە؟ پەیوندییەکانی خۆتان لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان چۆنە؟ لە هەرێمی کوردستان لە نێوان پارتی و یەکێتی ناکۆکی هەیە و بە ڕای هەندێک ئەمە هەڕەشەیە لە سەر قەوارەی هەرێم و ڕەنگە بگاتە جیابوونەوەی هەولێر و سلێمانی. ئێوە دۆخەکە چۆن دەبینن؟
سەرەتا دەبێت بڵێم کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر باشە، هەندێک کات تێڕوانین و داواکاری جیا هەیە و ئەمەش ئاساییە. کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی هەر دوو لا بەردەوام دەکرێت و ئێستا لە سەر بودجە و نەوتی کوردستان ڕێکەوتن کراوە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حیزبەکانیش، کێبڕکێی یاسایی و ئاسایی لە نێوان ئەواندا بۆ کۆمەڵگا پێویستە، لە بەر ئەوەی کە حیزبەکان خاوەن یەک ئایدۆلۆژیا نین. لە سەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش بابەتەکە گەورە کراوە و واش نییە و بەشێک لە خەڵک دۆخی ڕاستەقینە نابینن.
پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لەم حکومەتەدا چۆن دەبینن؟ ئایا پلانی ئەوەتان هەیە سەردانی ئەمریکا بکەن؟
پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا باشە و حاشا لەمەش ناکەین. بە پێی پێویست هاوئاهەنگی و سەردانی واشنتن و هاتووچۆی شاندەکان و کۆبوونەوەی بەرپرسان دەکرێت بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە ئێمە بەرگری لە سەربەخۆیی عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا دەکەین.
سیستەمی حکومڕانی لە عێراقدا پەرلەمانییە بەڵام هەندێک کات داوای سیستەمی سەرۆکایەتی دەکرێت. ئایا ئەم سیستەمە لە عێراقی ئەمڕۆدا جێبەجێ دەکرێت یان نە؟
لە ئێستادا وەها سیستەمێک جێبەجێ ناکرێت، ئەڵبەت کێشەی نییە کە هەندێک کەس داوای بکەن، بەڵام ئێمە بەردەوام گرنگی بە جێبەجێکردنی دەستوور، یاساکانی ئێستا و پلانەکانی حکومەت دەدەین./.