بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاروانسەرای پاسەنگان یەک لەو شوێنە مێژووییانەی پارێزگای قۆمە لە ئێران کە کەوتووەتە قەزای قۆم، 20 کیلۆمەتری ڕێگای قۆم – کاشان، شارۆچکەی جەنەت ئاباد و گوندی زەنبورەک.
کاروانسەرای شا عەباسی پاسەنگان کە هێمای شارۆچکەی جەنەت ئاباد و گوندی زەنبورەکە، یەک لەو شوێنانەیە کە مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە دڵی خۆیدا حەشار داوە و مێژووەکەشی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و سەردەمی دەسەڵاتی شا عەباس دەگەڕێتەوە. ئەم بینا مێژووییە لە ساڵی 1321 ی کۆچی هەتاوی (1942) لە ڕیزی میراتی نیشتمانی ئێراندا تۆمار کراوە.
پاسەنگان ڕۆژگارێک شوێنی مانەوەی کاروانییەکان و خەڵکانێک بووە کە هیلاکی ڕێگا ئەوانی لەو شوێنەدا کۆدەکردەوە. سەردەمێک وەک شوێنی هێزە ئەمنییەکان بەکار هێنراوە و ئێستا لە چوارچێوەی مێژوویی و گەشتیاریدا کەڵکی لێوەردەگیرێت.
وەک ئاماژە درا بیناکە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و حکومەتەکەی شا عەباس دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی قاجاڕەکانیش بەکار هاتووە.
کاروانسەرای پاسەنگانی قۆم بینایەکی خشتییە کە لە سەر بناغەی بەردی دانراوە. چوار تاوەر لە هەر چوار بەشەکەی ئەم تاوەرەدا درووست کراون. دەروازەی ئەم کاروانسەرایە دیمەنێکی جوانی پێبەخشیوە. چەندین هۆڵ لە ناو ئەم کاروانسەرایەدا هەیە کە سەردەمێک شوێنی حەوانەوەی خەڵک و ئەوانە بووە کە بۆ گەیشتن بە شار و ناوچەکانی دیکە لەوێدا دەمانەوە. ڕوبەری بیناکە 2500 مەتری چوارگۆشەیە.
شێوازی بیناسازی لەم کاروانسەرایەدا هەمان شێوازی سەردەمی سەفەوییەکانە و بەراورد بە سەردەمی کۆن، هێندە گۆڕانکاریی تێدا نەکراوە.
گەشتیارانی بیانی لەو سەردەمەدا کە هاتوونەتە ئێران و کاروانسەرای پاسەنگانیان بینیوە، باسی جوانی و تایبەتمەندییەکانیان کردووە. بۆ نموونە، ” پاسکاڵ کوست ” نیگارکێش و ئەندازیاری بەناوبانگی فەرەنسی کە لە سەردەمی قاجاڕ و حکومەتەکەی ئەحمەد شا سەردانی ئێرانی کرد و لە کتێبەکەی خۆیدا دیزانێکی ئەم کاروانسەرایەی هێنا. لە سەر ئەو دیزاینەکە کە دەتوانین بڵێین پاسەنگان تا ئەمڕۆ لە سەر هەمان شێوازی سەردەمی قاجاڕ ماوەتەوە.
” مادام ژان دیوالافوا ” کەسێکی دیکە بووە کە لە نووسینی چیرۆکی سەردانەکەیدا ڕایگەیاندووە تا ساڵی 1888 گۆڕانکارییەک لە پاسەنگاندا نەکراوە. ناوبراو وێنەیەکی دەروازەی کاروانسەراکەی هێناوە. ” مولر ” کەسێکی دیکەی بیانی بووە کە ڕایگەیاندووە بیناکە لە لایەن کەسێکی خەڵکی قەزوێن بە ناوی حاجی محەممەد باقر لە ساڵی 1807 ی زائینی درووست کراوە و ” مەکسیم سیرۆ ” ئەندازیاری فەرەنسیش ڕایگەیاندووە کە کاروانسەراکە پێش سەردەمی سەفەوییەکان درووست کراوە.
ئەم کاروانسەرایە لە ئێستادا وەک شوێنی مانەوەی گەشتیاران بەکار دێت و چەندین ژووری هەیە و شوێنی مانەوەی 20 کەسی هەیە. هەروەها ڕێستورانت و چەندین تایبەتمەندی دیکە بۆ کەڵک وەرگرتنی گەشتیاران دابین کراوە./.