سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ ئەفریقا کە ڕۆژی پێنج شەممە 13 ی تەمموزی 2023 کۆتایی هات، سەردانێک نەبوو کە تەنیا ئامانجەکەی پیشاندانی ئەوە بێت ئێران پەراوێز نەخراوە، بەڵکوو دەسکەوتی ئابوری و بازرگانی زۆر گرنگی هەبووە و زۆربەی شارەزایان و شرۆڤەکارانیش ڕایانگەیاندووە کە ئەم سەردانە کێشەی خستووەتە بەردەم سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا. ئێران میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە گەڵ ئەفریقا گرتووەتەپێش و ئەمەش تێچووی بازرگانەکان کەم دەکاتەوە و لەمەش گرنگتر بە سەر کێشە و بەربەستە بانکییە نێودەوڵەتییەکاندا زاڵ دەبێت.
ئێران بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی گرنگی ناوچەکە بە تایبەت سعوودیە و میسر و هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، نەک تەنیا هەوڵی دابینکردنی هاوسەنگیی لە سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆی داوە بەڵکوو بە گرتنەبەری ئەم ڕێگایە لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە لە ڕێگای پەیوەندییەکانی میسر و سعوودیە لە گەڵ وڵاتانی ئەفریقا بتوانێت بەربەستەکانی پەیوەندییەکانی خۆی و وڵاتانی ئەفریقی چارەسەر بکات.
ستراتیژی ئێران لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دیکە گوزارشت لە ڕاستییەک دەکات کە جیهان تەنیا وڵاتانی ڕۆژئاوا نییە و ئێران نیازی ئەوەی هەیە لە گەڵ وڵاتانی جیهان پەیوەندییەکی باشی هەبێت، بە تایبەت لە گەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئاسیا، ئەفریقا و هەروەها چین و ڕووسیا، ئەویش لە پاش ئەو هەموو بێ بەڵێنییە و فێڵ و درۆی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت لە دۆسیەی ڕێکەوتنی ناوەکی.
ئەفریقا مەڵبەندی دەرفەتەکانە، ئێران بە توانا و پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆژیای خۆی دەتوانێت لەم دەرفەتە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا کەڵک وەربگرێت. لە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ ئەفریقا جەخت لە سەر میکانیزمی ئاڵوگۆڕ لە گەڵ سێ وڵاتی کینیا، ئۆگاندا و زیمباوێ کرایەوە، بە واتایەکی دیکە ئێران لە بەرامبەر وەرگرتنی کاڵا سەرەکییەکان، لە بواری ئابوری، بازرگانی، کشتووکاڵی و زانستی لەو وڵاتانە وەبەرهێنان دەکات، بە تایبەت لە بوارەکانی کانزاکانی وەک ئاڵتون، دەرهێنانی نەوت و گاز، پترۆکیمیا، درووستکردنی ڕێگاوبان، هێڵی ئاسن، نەخۆشخانە، هوتێل، بەنداو، فڕۆکەخانە و ….، هەروەها پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و بەرهەمی کۆمپانیاکانی زانست بنەمای ئێرانی.
سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ ئەفریقا بەشێک لە دیپلۆماسیەتی چالاکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان سەرەڕای بوونی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی ئەمریکا پیشان دەدات. ئەم دیپلۆماسیەتە ئەنجامی زۆری بە دواوە دەبێت کە یەکێک لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانە و بە دڵنیاییەوە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەردەکەوێت.
ئەم پەیوەندییانە شکستی ئەمریکا لە گوشارەکانی سەر گەلی ئێران و پەراوێزخستنی کۆماری ئیسلامی دەسەلمێنێت و پەیامی ئەوەش بە گەلانی جیهان بە تایبەت ئەوانەی کە زیان لە ستەمکاری ئەمریکا دەبینن، دەدات کە دەتوانن ڕوبەڕوی ئەمریکا و ڕەوتی ستەمکاری جیهانی ببنەوە و تووشی شکستی بکەن./.