بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە بە ئاماژە بە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ سێ وڵاتی ئەفریقی، وتی: ئەفریقا کە بەردەوام زامی ساڕێژنەکراوی ستەمکاریی ئەورووپییەکان بە سەر جەستەی خۆیەوە دەبینێت، کیشوەرێکی دەوڵەمەند و بەرەو گەشەسەندووە کە میکانیزمی پێویستی بۆ ئەو گەشە و پێشکەوتنە خێرایە نییە.
ناوبراو وتی: بە هۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی لەم کیشوەرە و ئەو تێڕوانینە مرۆیی و دادپەروەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە وڵاتانی ئەفریقی، ئەوان ئێران وەک وڵاتێکی خاوەن تەکنۆلۆژیای نوێ قبووڵ دەکەن.
ئەو شارەزا نێودەوڵەتییە وتی: بەداخەوە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو بە هۆی قەیرانەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ئاڵۆزی هەلومەرجی سیاسی ئەم ناوچەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵێکی چالاکی لە وڵاتانی ئەفریقی نەبووە و دەبێت لە ساڵانی داهاتوو ئەمە قەرەبوو بکرێتەوە.
هانیزادە وتی: پەیوەندی بەردەوامی ئێران لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقی، دەرفەتێکی گونجاوە تا بتوانێت بازاڕێکی گونجاو بۆ کاڵا و بەرهەمەکانی خۆی دابین بکات.
وتیشی کە سەردانەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ سێ وڵاتی کینیا، ئۆگاندا و زیمباوێ دەرفەتی ئەوە دابین دەکات تا ئێران بتوانێت لە داهاتوودا لە کیشوەری ئەفریقا بوونی بەردەوامی لە ڕووی ئابورییەوە بێت و ڕاستەوخۆ لەو وڵاتانەدا وەبەرهێنان بکات.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی تێڕوانینێکی ڕاست و درووستی لە سەر وڵاتانی ئەفریقی هەیە و بەم سیاسەتەوە دەکرێت ئاسۆیەکی ڕوون بۆ پەیوەندییەکانی تاران و ئەو وڵاتانە دابین بکرێت./.