بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە چاوپێکەوتنی ئاژانسی فەرمی ئێران، جەختیکردەوە کە شەڕەکەی جنین کە بە ناوی بوێریی جنین ناو نراوە، گرنگی و گەورەییەکی زۆری هەبووە و یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی خەباتی گەلی فەڵەستین لە دژی دوژمنی زایۆنیستی.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
شەڕەکەی ئەم دواییەی جنین و ڕێژەی کاریگەریی لە داهاتووی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ناوی جنین بەردەوام لە مێژووی خەباتی فەڵەستینییەکان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە بەڵام شەڕەکەی ئەم جارە کە بە ناوی بوێریی جنین ناو نراوە، گرنگییەکی زۆری هەبووە و یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی خەباتی گەلی ئێمەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی. شەڕەکەی ئەم جارە لە درێژەی شەڕ و ڕووداوەکانی ئەم ماوەی کەمپی جنین بووە کە تێیدا 7 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستی تێکشکا و ئەمەش لێدانێکی زۆر گەورە لە دژی ئەوان بوو. ئەم شەڕە هەروەها درێژکراوەی خەبات و شەڕەکانی وەک شمشێری قودس، یەکگرتوویی گۆڕەپانەکانی شەڕ و تۆڵەی ئازادیخوازەکان بووە، شەڕەکە پاڵپشتییەکی زۆری لە لایەن خەڵکەوە لێکراوە و ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی لە بەردەوامی تێکۆشەرانی فەڵەستینی هەبووە. لەو بڕوایەدام کە جنین ڕێنمای خەباتی فەڵەستینییەکان لە قۆناغەکانی داهاتووش دەبێت، ئەم نموونەیە بۆ تەواوی شارەکانی کەرتی خۆرئاوا گرنگ دەبێت.
ئایا چاوەڕوانی دووبارەکردنەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شارەکانی وەک نابلۆس و ناوچەکانی دیکەی کەرتی خۆرئاوا، هاوشێوەی جنین دەکەن؟
بەڵێ، بەردەوام چاوەڕوانی وەها هەیە و تاوانەکانی زایۆنیستەکان ڕانەگیراوە، هەرچەندە شێوازەکەی جیاواز بووە. تاوانی زایۆنیستەکان و دەسدرێژی بۆ سەر شارەکانی فەڵەستینی ڕۆژانە جێبەجێ دەکرێت و پرۆسەی هێرش و کوشتنەکان بەردەوام هەبووە. سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینی لە پاش ڕێکەوتنی ئۆسلۆ، سەرپەرشتی ناوچە فەڵەستینییەکانی لە ئەستۆیە، بەڵام دوژمنی زایۆنیستی لە هێرش و دەسدرێژییەکانی بەردەوام بووە. ڕێکەوتنەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینی و ڕژێمی زایۆنیستی نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم ڕاگرتنی تاوان و دەسدرێژییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر شارەکانی فەڵەستین. ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەبێت خەباتی جنین ببێتە نموونەیەک بۆ ناوچەکانی دیکەی فەڵەستین.
کەتیبەکانی جنین سەر بە سەرایا قودس ناوێکی بەرچاوی قارەمانێتی خۆڕاگرین لە شەڕەکەی ئەم دواییەی جنین ناسراو بە بوێریی جنین. ئایا دەتوانین بڵێین کە ئەم ئەزموونە گەیشتووەتە بنەمایەکی گرنگ لە هاوکێشەی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین؟
کەتیبەکانی جنین بیرۆکەیەکە کە لە ئێستادا بە هەموو هەوڵێکەوە چالاکی دەکات و ئەوەی لە لە جنین ڕوویدا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییە دەبێت، ئێمە بۆ پەرەپێدانی ئەم کەتیبانە بۆ سەرجەم شارەکانی فەڵەستینی هەوڵ دەدەین و سەرەڕای بوونی کێشە و بەربەستەکان، بووەتە ڕاستییەکی ئێستای فەڵەستین. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم نموونەیە سەرجەم شار و ناوچەکانی فەڵەستین بگرێتەوە و گەنجانی فەڵەستینی ئامادەیی ئەم کارەیان هەیە.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە زۆربەی تێکۆشەرانی ئێستای فەڵەستینی لە کەرتی خۆرئاوا لە جیلی گەنج و تەنانەت ژێر 20 ساڵەن. ئایا ئێمە جیلێکی گەنجی فەڵەستینیمان هەیە کە بڕوای تەواویان بە خۆڕاگری وەک تاکە ڕێگای ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاران هەیە؟
گەلی فەڵەستین بە درێژایی مێژووی خۆی و بە هەر ئامرازێکی بەردەست، وازی لە خۆڕاگری نەهێناوە و دەتوانین بڵێین کە خۆڕاگری بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی ژیانی ئێمەیە و ئەمەش پەیوەندی بە بوونی داگیرکاران لە سەر خاکی ئێمەوە هەیە، لە بەر ئەوەی کە گەلانی ئازادیخواز ناتوانن داگیرکاری قبووڵ بکەن و بە هەموو هێزێکەوە لە بەرامبەریدا دەوەستنەوە. لە کاتی دەسدرێژی زایۆنیستەکان بۆ سەر خاکی فەڵەستین، سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و دژواری فەڵەستینییەکان، خۆڕاگری ڕانەگیراوە و لە ئێستاشدا پەیوەندی جیلی گەنج بە خۆڕاگری بابەتێکی نوێ و سەیر نییە و تا ئەو کاتەی کە داگیرکاری هەبێت، خۆڕاگری فەڵەستینییەکانیش بەردەوام دەبێت. بەڵێ کێشەکان زۆرە و کەمبوونی ئیمکانیات دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕەوتی خۆڕاگری هەڵکشان و داکشانی هەبێت و ئەگەری موسڵمانان و عەرەبەکان ئەرک و ڕاسپاردەی خۆیان بۆ پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین و خۆڕاگرییان جێبەجێ دەکرد، دۆخەکە لە ماوەی زووەوە بەرەو گۆڕانکاری و جیاوازی دەڕۆیشت.
ماوەیەکە سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکان لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئوا یان غەززە یەکڕیزییەک دەبینرێت، تێڕوانینی ئێوە لە سەر کاریگەری ئەم یەکڕیزییە لە شەڕەکەی ئەم دواییەی جنین یان کەرتی خۆرئاوا بە گشتی چییە؟
بوونی یەکڕیزی خۆڕاگریی فەڵەستین بە پێویست دەزانین نەک هەڵبژاردەیەک و پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ سەرجەم هێزە فەڵەستینییەکان لە سەر ئەم بنەمایەیە و هەوڵ دەدەین ئەویش لە گۆڕەپانی شەڕ و سەرجەم ئاستەکاندا مسۆگەر بکەین. ئەوەی کە لە گۆڕەپانی شەڕی جنین بینرا، گەورەترین بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە ئێمە بە بێ یەکڕیزی لە بەرامبەر دوژمن هیچ دەسکەوتێکمان نابێت.
پەیوەندییەکانتان بە تایبەت لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس و نزیکبوونەوەی تێڕوانینی هەر دوو لا بۆ کار و چالاکی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا و غەززە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ بزوتنەوەی حەماس، ستراتیژی و بە پێی بنەمایەکی ڕوون و دیاریکراوە و ئەویش ئیسلام و تێکۆشان و فەڵەستینە. ئەم بنەمایانە نەگۆڕن و تووشی گۆڕانکاری نابن. هەندێک کات لە تەکتیکەنا ناکۆکی دێتە پێشەوە بەڵام هەر دوو لا لە سەر بنەما نگۆڕەکان دەمێنینەوە.
ئایا ئەزموونی ژووری هاوبەشی گرووپەکانی خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا دووبارە دەبێتەوە؟
ژووری هاوبەش لە غەززە چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگییە بەڵام دەتوانم بڵێم ئەوەی کە لە کەرتی خۆرئاوا ڕوو دەدات، بە کردەوە زیاترە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە تایبەت پەیوەندی کەتیبەکانی جنین لە گەڵ هێزەکانی خۆڕاگری.
بە لای هەندێکەوە زیاتربوونی چالاکییە چەکدارییەکان لە کەرتی خۆرئاوا بە واتای لاوازبوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی دیاریکراو بۆ ڕووخانی دەزانن. ئایا بە بۆچوونی ئێوە وایە؟
لەو بڕوایەدام کە وا نییە، لە بەر ئەوەی کە خۆڕاگری لە کەرتی خۆرئاوا بە ڕاستەوخۆ لە دژی داگیرکاران چالاکی دەکات و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و لاوازبوونی ناکاتە ئامانج، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تەنانەت بۆ یەک جاریش ڕوبەڕوی ئەو دەسەڵاتە نەبووینەتەوە. ڕاستە کە ئێمە لە گەڵ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە ڕووی سیاسییەوە ناکۆکیمان هەیە بەڵام چەکی ئێمە تەنیا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستییە. ئەگەر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر دووربینی زیاتری هەبوو، کەڵکی لەم دۆخە وەردەگرت، بە تایبەت ئەوەی کە دوژمن هیچ بایەخێک بەم دەسەڵاتە نادات و بە فەرمی نایناسێت و ئەوەی کە لە چووارچێوەی درووستکردنی شارۆچکەکان، کوشتن و کاولکاری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەڵەستین ڕوو دەدات بەڵگەیە لە سەر ئەمە. ئەوە ڕژێمی زایۆنیستییە کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینی لاواز دەکات. ئەمە ڕاستییەکە کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و دەزگا ئەمنییەکانی نایانەوێت بیبینن.
پاش شەڕەکەی جنین، مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین داوای کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپەکانی فەڵەستینیی کردووە. چ چاوەڕوانییەک لەو کۆبوونەوە هەیە و ئایا بەشداریی تێدا دەکەن؟
بەڵێ، ئەو بانگهێشتکردنە هەیە بەڵام بە فەرمی نەکراوە، ئەگەر بۆ کۆبوونەوە لە گەڵ مەحمود عەباس بانگهێشت کراین، تا کاتێک کە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن و ڕێکخستنەوەی دۆخی ناوخۆیی فەڵەستین بێت، ڕەتناکرێتەوە. ئێمە و برایانی حەماس بەیاننامەیەکی هاوبەشمان دەکرد و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لوتکەمان کرد و ئێستا میسر سەرقاڵی بانگهێشتکردنی سەرجەم لایەنەکانە بۆ ئەو کۆبوونەوە لە کۆتایی ئەم مانگە.
ئێوە لە ساڵی 2018 تا ئێستا وەک ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین چالاکی دەکەن. لەم ماوەیەدا چ گۆڕانکارییەک ڕووی داوە؟
لەو کاتەوە کە پۆستی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیم وەرگرتووە، هیچ شتێک نەگۆڕاوە و من لە سەر هەمان ڕێبازی دکتۆر فەتحی شەقاقی و خوالێخۆشبوو دکتۆر ڕەمەزانم، من لەو چوارچێوەدا جیهادی ئیسلامی دەبەمە پێشەوە.
لە کۆتاییدا چ پەیامێکتان بۆ گەلی فەڵەستین و لایەنگرانی خۆڕاگری لە ناوخۆ و وڵاتانی ئیسلامی هەیە؟
من لە گەلانی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت دەسەڵاتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە داوا دەکەم کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆیان بەرامبەر بە فەڵەستین و گەلەکەی بە جێ بێنن و فەڵەستین و گەلەکەی لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی بە تەنیا نەهێڵنەوە. هەروەها دڵنیایی بە دۆستان و لایەنگرانی خۆڕاگری دەدەم کە دۆخی خۆڕاگری زۆر باشە و درێژە بە خەباتی خۆمان بۆ بەرگری لە قودس و فەڵەستین دەدەین، سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارەی کە دەبینرێت./.