بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوجەتوڵڵا فەغانی وەک باڵیۆزی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوید دەستنیشان کرا و بڕیار بوو لە ڕۆژانی داهاتوودا بگاتە ئەو وڵاتە کە بە هۆی تاوانی سووکایەتی و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا ڕاگیراوە. ناوبراو وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە سوید ڕۆژی شەممە 1 ی تەمموزی 2023 لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە کۆبووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە لە گەڵ حوجەتوڵڵا فەغانی کۆبووەتەوە و ناوبراویش ڕاپۆرتێکی لە سەر دوایین دۆخی شوێنی کارکردنەکەی باسکردووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە بە هۆی پێدانی موڵەتی سووتاندن و سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز لە لایەن حکومەتی سویدەوە، لە ئێستادا پرۆسەی ناردنی باڵیۆزی نوێ بۆ ئەو وڵاتە سەرەڕای کۆتایی هاتنی ڕێوشوێنە کارگێڕییەکان ڕاگیراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر بانگهێشتی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی سویدی کرد و ناڕەزایەتی توندی تارانی لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا پێ ڕاگەیاند.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە یەکەم کاردانەوەی بەرامبەر بە تاوانەکەی سوید ڕایگەیاند کە جیهانی ئیسلام سووکایەتی بە کتێبە ئاسمانییەکان بە تایبەت قورئانی پیرۆز بە توندی ئیدانە دەکات و پێدانی موڵەتی وەها تاوانێک لە لایەن حکومەتی سویدەوە بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە./.