بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” تارق مەندەلاوی ” بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی حەشدی شەعبی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم وتی: ئەم دەزگایە لە سێ بەش پێک دێت، بەشی شەهیدانی تاوانەکانی حیزبی بەعس، بەشی شەهیدانی قوربانی شەڕ و هەڵە سەربازییەکان و کردەوە تیرۆریستییەکان و بەشی کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە بە پێی یاسای ژمارەی 2 ی ساڵی 2020 دامەزراوە.
ناوبراو وتی: دەزگای شەهیدانی حەشدی شەعبی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق و لەو دەزگایانەیە کە ئەرک و ڕاسپاردەی تایبەتی هەیە. ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابەشکردنی مووچە و ئیمتیازاتێکە کە بە پێی یاسا لە نێوان شەهیدان و کەمئەندامانی حەشدی شەعبی دابەش دەکرێت. نزیکەی 10 هەزار شەهید و کەمئەندامی حەشدی شەعبی لەم ناوەندەدا ناویان تۆمار کراوە کە لە سەر فەتواکەی ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق پەیوەندییان بەم هێزەوە کردووە. ئەم دەزگایە مووچەی مانگانە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێکی شەهیدی حەشدی شەعبی دابەش دەکات.
ناوبراو وتی: ئەگەر شەهیدێک خاوەن ژن و منداڵ بووبێت یان باوک و دایکی زیندوو بن، ئەم مووچەیە لە نێوان ئەواندا دابەش دەکرێت، بەڵام ئەگەر شەهیدەکە بە تەنیا بووبێت و باوک و دایکیشی لە ژیاندا نەمابوون، مووچەکە دەدرێتە خوشک و برای ئەو شەهیدە.
مەندەلاوی وتی: خزمەتگوزارییەکی دیکە دابەشکردنی زەوییە لە نێوان خێزان و بنەماڵەی شەهیدان بە بەهای 30 ملیۆن دینار کە تا ئێستا 3 هەزار خێزان و بنەماڵەی شەهیدانی حەشد لەو ئیمتیازە کەڵکیان وەرگرتووە. هەروەها ئیمتیازی دیکەی وەک حەج بەوان دراوە، وەک کورسی خوێندن لە قۆناغە جیاجیاکان و دامەزراندن لە فەرمانگە حکومییەکان و ئیمتیازی دیکەش کە بە پێی یاسا بەوان دەدرێت وەک خزمەتگوزاری تەندرووستی.
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی حەشدی شەعبی هەروەها وتی: لە هەلومەرجی ئێستادا حەشدی شەعبی جێی دڵنیاییە بۆ عێراق و ناوچەکە بە گشتی و تەنانەت بۆ جیهان، لە بەر ئەوەی کە بە نوێنەرایەتی ئەوان شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەکات کە بە هاوکاری ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی ساڵی 2014 هێرشیان کردە سەر عێراق.
تارق مەندەلاوی وێڕای ستایشکردنی خەبات و هاوکارییەکانی شەهیدان حاجی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس وتی کە بوونی ئەو شەهیدانە مانەوەی عێراقی دەستەبەر کرد و ئێمە سوپاسی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین.
ناوبراو وتی: شەهید ئوبومەهدی موهەندیس ئەندازیاری سەرکەوتن بوو و شەهید سولەیمانی لە سەرجەم بەرەکانی شەڕدا هاوکاری عێراقییەکانی دەکرد، ئەو شەهیدانە داڕێژەری ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی داعش بوون و ڕۆڵی گەورەیان لە شکستی پیلانی داعش و سەرکەوتنە مەزنەکەی عێراقدا هەبوو./.