بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم لە وتاری نوێژی جەژنی قوربانی بەغدا وتی: بەرژەوەندی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە گەڵ بەرژەوەندی گەلانی دیکە یەکبگرێتەوە و دژ بە بەرژەوەندی ئەوان نەبێت و ناتوانین بەرژەوەندی وڵاتێک لە زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی وڵاتانی دیکە پێناسە بکەین و لەو بڕوایەداین کە بەرژەوەندی تاکلایانە هێندە بەردەوام نابێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە کەشی ئەرێنی سیاسی و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە، وتی: ئەم کەشە نوێیەی ناوچەکە بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانین کە دەبێت کەڵکی پێویستی لێوەربگیرێت تا بگەینە ستراتیژێکی ناوچەیی درێژخایەن لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی گرنگی لە نزیککردنەوەی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکەدا هەبووە و جەختی لە سەر پاراستنی ئەم ڕۆڵە کردەوە.
وتیشی کە ئەم هاوبەشییە دەرفەتی سەرکەوتنی زۆر بۆ وڵاتان و گەلانی ناوچەکە دابین دەکات و کاتی ئەوە هاتووە کە دۆسیەکانی ڕابردوو دابخەین و بە تێڕوانینی ستراتیژی بە داهاتوو بە یەکڕیزی و هاوکاری و پێکەوەبوون ڕوبەڕوی کێشەکان ببینەوە./.