بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بنەماڵەی قەوام لە بنەماڵە گرنگ و دەستڕۆیشتووەکانی سەردەمی قاجاڕن کە ساڵانێکی زۆر حکومەتی ویلایەتی فارس لای ئەوان بووە. بەدەر لە بینا و باخی نارنجستانی قەوام، زۆربەی شوێن و بینا مێژوویی و گەشتیارییەکانی شیراز وەک باخی دڵگوشا، باخی عەفیف ئاوا، باخی کەڵانتەر و باخی بەیگلەر بەیگی لە لایەن ئەم بنەماڵەوە کە لە کوڕەکانی حاجی ئیبراهیم خانی کەڵانتەر بوون، درووست کراون.
مێژووی درووستکردنی بینای ماڵەکەی قەوام کە بە نارنجستانی قەوام ناوبانگی دەرکردووە، بۆ ساڵی 1257 ی کۆچی هەتاوی هاوکات لە گەڵ حکومەتەکەی ناسرەدین شای قاجار لە سەر فەرمانی محەممەد عەلی خان قەوام ئەلمولک دەگەڕێتەوە کە تا ساڵی 1261 بەردەوام بووە.
لە سەردەمی پاڵەوی یەکەم، بە هۆی هەبوونی دار و درەختی زۆرەوە لەم باخەدا، بە نارنجستانی قەوام ناوبانگی دەرکرد. لە سەردەمی پاڵەوی دووەم، ئیبراهیم خان دوایین بەجێماوەی بنەماڵەی قەوام ئەلمولک، پێش مردنی هەندێک نۆژەنکردنەوەی لە بیناکاندا کرد و پاشان ئەم باخە مێژوویی و جوانەی لە ساڵی 1345 ی کۆچی هەتاوی بۆ چالاکییە هونەری و کەلتورییەکان بە زانکۆی شیراز بەخشی.
لە ساڵی 1348 ی کۆچی هەتاوی ئەم یادگارە جوانە لە بنەماكەی قەوام بەخشرایە دامەزراوەی ئێرانناسیی ئەمریکی بە ناوی ئارتۆر ئابراهام پۆپ و تا ساڵئ 1358 ی کۆچی هەتاوی لای ئەو دامەزراوەیە مایەوە. ساڵانێک پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕێکخراوی میراتی کەلتوری ئەم باخ و بینایەی دیسانەوە نۆژەن کردەوە.
ئەم کۆمەڵە بێ هاوتایە لە زەوییەکدا بە ڕوبەری 3500 مەتری چوارگۆشە درووست کراوە و بیناکان لە دوو بەشی باشور و باکوریدان و ڕوبەری بیناکان 940 مەتری چوارگۆشەیە. شێوازی درووستکردنی باخەکە لە باخەکانی سەردەمی قاجاڕ دەچێط بەڵام بۆ بیناکان کەڵک لە شێوازی بیناسازی سەردەمی زەندییەکان وەرگیراوە.
بەدەر لە بینای سەرەکی، بەشەکانی دیکەش بە ناوەکانی گەرماوی گەچینە، حوسێنیەی قەوام، مەکتەب خانەی قەوام، ماڵەکەی زینەت ئەلمولک، دیواخانی قەوام و گەرماوێکی تایبەت لەم کۆمەڵەیەدان. پێشتریش هەندێک شوێنی دیکەی وەک بازاڕچە لەم کۆمەڵەیەدا هەبووە کە بە هۆی درووستکردنی شەقامی لوتفعەلی خانی زەند لە ناو براون.
بینا سەرەکییەکەی باخی قەوام لە دوو نهۆم پێکهاتووە کە ژێرزەوینێکی هەیە. ئەم بینا بەشکۆیە 20 ژووری هەیە کە پێکەوە بەسراونەتەوە. جوانکارییەکانی ناو بیناکە دیمەنی تایبەتی پێ بەخشیوە.
لە ژێرزەوینەکەی بەشی باکوری ئەم کۆمەڵەیە مۆزەخانەیەک هەیە کە سەر بە کۆلێژی هونەری بیناسازییە و ئەو شتانەی کە لە لایەن ئارتۆر ئابراهامی ئەمریکییەوە دۆزراونەتەوە، لەم شوێنەدا نمایش کراون.
کۆمەڵەی مێژوویی نارنجستانی قەوام لە شەقامی لوتفعەلی خانی زەندە لە شاری شیراز. بۆ گەیشتن بەم شوێنە هەموو جۆرە کەرەستەیەکی گواستنەوە لە تەکسی و پاس و میترۆ هەیە. ڕۆژانە بەدەر لە پشووە فەرمییەکان، ئەم کۆمەڵەیە لە کاتژمێر 8 ی بەیانی تا 8 ی ئێوارە بە ڕووی گەشتیاراندا کراوەیە./.