بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی فەرمی ئیمارات ڕایگەیاند کە دەستەی فڕۆکەوانی ئەم وڵاتە و ئێران لە بواری گواستنەوەی ئاسمانی ڕێکەوتنی هاوبەشیان واژۆ کردووە.
محەممەد محەممەدی بەخش سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران ئەم ڕێکەوتنەی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان واژۆ کردووە.
سەیف محەممەد سویدی سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانی ئیماراتیش پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکەوتنە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو ڕێکخستنی گەشتەکان و ڕێگای پەرەپێدانی تۆڕی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی ئاسانتر دەکات کە لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی کەرتی گواستنەوەی هەر دوو وڵات دەبێت.
سویدی وتی کە ئەم ڕێکەوتنە یارمەتیدەری دابینکردنی دەرفەتی نوێ بۆ بازرگانی و هاوبەشی زیاتری نێوان بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری و کۆمپانیاکانی هەر دوو وڵات دەبێت.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی گەشتە عەرەبییەکەی بۆ وڵاتانی ناوچەکە سەردانی ئیماراتی کرد و لە گەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەم وڵاتە کۆبووە./.