بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و شاندی یاوەری لە گەڵ بەڕێزیان کە ڕۆژی چوارشەممە 21 ی حوزەیرانی 2023 بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە بەرەوپێشچوونی دۆسیەی فەڵەستین، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی جیلی گەنج و ئیمانداری فەڵەستینی و هاتنی کەسی و بەکۆمەڵی ئەوانیان بۆ گۆڕەپانی خەبات بە بابەتێکی زۆر گرنگ ناو برد و جەختیانکردەوە کە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی جنین و گەمارۆدانی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن گەنجانی فەڵەستینی، نموونەیەکی ڕوونی گۆڕەپانی نوێ و مزگێنی بەخشی داهاتوویەکی ڕووناکە لە گەڵ سەرکەوتنی کۆتایی.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیانکردەوە کە پرسی فەڵەستین، دڵی کێشەکانی ئیسلام و ئۆممەی ئیسلامییە و وتیان: بە هەر بەرەوپێشچوونێکی دۆسیەی فەڵەستین، ئۆممەی ئیسلامیش بەرەو پێش هەنگاو دەنێت.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە جیاوازییەکانی هەلومەرجی فەڵەستین بەراورد بە 2 یان 3 ساڵی ڕابردوو، وتیان:هۆکاری سەرەکی ڕاوەستانی دۆسیەی فەڵەستین لە ساڵانی نە چەندان دوور، نەبوونی گەنجان لە گۆڕەپانەکەدا بووە، بەڵام ئێستا گەنجان بە شێوازی سەربەخۆ و بە خواستی خۆیان هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە و گرنگتر ئەوەی کە ئەوان پشت بە ئیسلام دەبەستن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە جەختیان لە سەر یەکڕیزی و هاوئاهەنگی نێوان لایەنەکانی خۆڕاگری فەڵەستین کردەوە و وتیان: لە شەڕی ئەم دواییەی غەززە ئەوەمان بینی کە هەوڵەکانی دوژمن بۆ ناکۆکی خستنە نێو گرووپەکان و لایەنەکانی خۆڕاگری و بانگەشەی وەها بوو کە بە یارمەتی خودای گەورە بە ئەنجام نەگەیشت، هەر بۆیە دەبێت زیاتر جەخت لە سەر یەکڕیزی و هاوئاهەنگی بکرێتەوە و ئەم ڕێگایە دەبێت بەهێزەوە درێژەی هەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی غەززەیان بە ناوەندی خۆڕاگری ناو برد و وتیان: ئەو ناوچەش کە چۆک بە دوژمن دادەدات، کەرتی خۆرئاوایە کە تا ئێستاش بەرەوپێشچوونی باش لەم ناوچەیەدا مسۆگەر بووە.
بەڕێزیان وتیان: کێ بیری لەوە دەکردەوە کە ڕۆژێک بگات گەنجانی فەڵەستینی لە جنین وەها لە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بکەن کە ڕژێمی داگیرکار بۆ ڕزگارکردنی هێزەکانی پەنا بۆ فڕۆکەی شەڕکەر ببات بەڵام ئەم ڕووداوە لە چەند ڕۆژی ڕابردووی جنیندا بینرا.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاند کە سەرەڕای هەموو گوشارەکان، بانگەشەی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی گەلی فەڵەستینە و وتیان: لە ڕۆژی جیهانی قودسی ئەمساڵ بەدەر لە وڵاتانی ئیسلامی، لە وڵاتانی ئەورووپیش ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەچوو و ئەورووپییەکانیش دژایەتی خۆیان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند، ئەمە بابەتەێکی گرنگە و دەبێت بەهێزتر بکرێت.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەڵەستین، وتیان: فەڵەستین پەیوەندی بە تەواوی موسڵمانانەوە هەیە و لە سەر ئەوانە کە وەک ئەرکێکی ئائینی بۆ ئازادکردنی ئەم خاکە بێنە گۆڕەپانەکەوە./.