بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جواد حەیران نیا لە وتووێژێکدا سەبارەت بەو پرسیارەی کە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە پاش 17 ساڵ وەک یەکەم بەرپرسی فەرمی ئەم وڵاتە و پاش 7 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکان سەردانی تارانی کردووە، پەیامی ئەم سەردانی چی بووە؟ وتی: ئەم سەردانە ئەنجامی باشتربوونی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئێران بە نێوەندگێڕی چین بووە و هەر دوو وەزیری دەرەوە کۆبوونەوەی دیکەیان پێکەوە هەبووە. پرسێکی گرنگ ئەوەیە کە چین پەیوەندییەکانی گەرەنتی کردووە و چاوەڕوانیش دەکرا بە پێی سەرکەوتنی پەکین لە ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە، بە کردەوە ئەو ڕێکەوتنە بباتە قۆناغی جێبەجێکردن. ئەم قۆناغەش بە کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی ئێران لە سعوودیە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە پاش جەژنی قوربانیش نوێنەرایەتییەکانی سعوودیە لە ئێران بکرێنەوە و پەیوەندییە سیاسییەکان بە شێوازی فەرمی و کرداری دەست پێبکات.
ناوبراو وتی: سەردانەکەی بن فەرحان بە تەنیا بۆ پرسی کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی سعوودیە نەبووە و هەڵگری پەیامێکی گرنگتر لە لایەن شای سعوودیەوە بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە وردەکارییەکانی پەیامەکە ئاشکرا نەکراوە، دەتوانین باس لەوە بکەین کە بە گشتی لە سەر ڕەوشی ناوچەکە بووە، لە بەر ئەوەی کە پێشتر بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ڕیازی کرد، هەروەها بن سەلمان لەم ماوەیەدا لە فەرەنسا بووە و لەوێش پرسی لوبنان تاوتوێ کراوە، ئەگەر کۆی ئەمانەش لە گەڵ یەک تاوتوێ بکەین، بەو وتووێژەی نێوان ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و بن فەرحان، دەتوانین بڵێین کە نامەکەی شای سعوودیە بۆ ئێران بە گشتی لە سەر دۆخی ناوچەکە بووە.
حەیران نیا وتی: پرسی دیکە پەیوەندی بە دۆسیەکانی وەک سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەنەوە هەبووە کە لە ڕاستیدا بۆ سعوودیە زۆر گرنگن. خاڵی گرنگی دیکە ئاسایشی کەنداوی فارسە کە سعوودییەکان هەوڵ دەدەن تێڕوانینی ئەوان لە گەڵ ئێران لێک نزیک بکرێتەوە و تەنانەت بگاتە چوارچێوە و میکانیزمێک تا ئاڵۆزییەکان لە کەنداوی فارس کەم بکرێتەوە و ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە. سەردانەکە لەم چوارچێوەدا گرنگی خۆیی هەیە و ئەوەی کە سعوودیە زۆر جەختی لە سەر دەکاتەوە، نەبوونی دەستێوەردانە لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بەردەوام ئەمەیان دووبارە کردووەتەوە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ناوچەکە لە درێژەدا وتی: پاش ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە، پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و میسر هاتووەتە پێشەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە ڕێکەوتنەکەی پەکین کاریگەری خۆیی هەبووە و بە پێی هەواڵەکانیش کۆمیتەیەکی ئێرانی – میسری بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و قاهیرە پێکهێنراوە. هەرچی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بەرەو پێش بڕوات، کاریگەری خۆی لە سەر پەیوەندییەکان لە گەڵ میسریش دادەنێت.
جەواد حەیران نیا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە داهاتووی هاوکارییەکانی ئێران و سعوودیەش وتی: ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە بابەتی گەورە لە خۆ دەگرن و پێناچێت لە کورت ماوەدا بە تەواوی چارەسەر بکرێن، ئەوەی کە هەر دوو وڵات بۆ سەر مێزی دانوستان گەڕانەوە و گەیشتنە ڕێکەوتن، پیشان دەدات کە هەندێک ڕێکەوتن کراوە یان لانیکەم هەر دوو لا ئەوەیان قبووڵ کردووە کە وتووێژەکان بە جیدی بەرەو پێش ببەن.
دۆسیەی یەمەن بۆ سعوودیە زۆر گرنگە و ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی دانوستان و ڕێکەوتن لە گەڵ ئێران، پرسی ئەنساروڵڵا و پاڵپشتییەکانی ئێرانە لەم بزوتنەوەیە. ئەوان دەزانن کە چارەسەرکردنی دۆسیەی یەمەن لە کەناڵی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، وێڕای ئەوەی کە ئەگەر بە هاوکاری ئێران کێشەی سیاسی لە یەمەن چارەسەر بکرێت، هەڕەشەکان لە سەر سعوودیە کەم دەبێتەوە. سعوودیە لە گرنگی ئاسۆی دیاریکراوی 2030 تێدەگات و ئەوەش دەزانێت بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی یەمەن، ئەو خەونەی بۆ جێبەجێ ناکرێت، ئەڵبەت ئێرانیش نایەوێت ئەم کارتە کاریگەرەی بە تەواوی لە دەست بدات، هەر بۆیە هەر دوو لا هەوڵ دەدەن بگەنە ڕێکارێکی مامناوەند تا ئاڵۆزییەکان لە یەمەن کەم ببێتەوە و پاش ساڵانێک ڕێکاری سیاسی بۆ گەیشتن بە سیستەمێکی سیاسی نوێ لە یەمەن مسۆگەر ببێت.
وتیشی کە هەر دوو وڵات لە پرسی ئاسایشی کەنداوی فارس تێڕوانینی جیاوازیان هەیە و پێناچێت لە کورت ماوەدا بگەنە پێکەوەبوونی تەواو، ئەڵبەت بە هۆی ئەوەی کە چین گەرەنتی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتەی کردووە، ڕەنگە ئەو هۆکارانەی کە دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆز دەکرد کەم ببنەوە، دۆخەکە بە شێوازێک بەرەو پێش دەڕوات کە ئاڵۆزییەکان کەم بکاتەوە./.